کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەشی پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی حیزبی "سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان"

11:47 - 15 رەشەمه 2719

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان سەردانی بەشی پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی حیزبی "سۆسیال دێموکراتی ئاڵمانـ"ـی لە بێرلین کرد. ئەو حیزبە لە هاوپەیمانییەکدا لەگەڵ حیزبی دێمۆکرات- مەسیحی بەشداری حکوومەتە.

"مستەفا قازیزادە"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان دیدارێکی لەگەڵ "فرانز دانێر"، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی حیزبی "سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان" لە بێرلین پێک هێنا.

لەو دانیشتنەدا نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات وێڕای باسێکی گشتی بەنیسبەت سیاسه‌ته‌کانی حیزبی دێموکرات، ئامانجی حیزبی دێموکراتی سه‌باره‌ت بە پرسی کورد له کوردستانی ڕۆژهەڵات و داهاتووی ئێران و پرسی فێدراڵیزم ڕوون کرده‌وه.

هه‌روەها هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکراتی له چوارچێوه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کان بو ئێرانێکی فێدراڵ و چه‌ندین هاوپەیمانیی دیکەی خسته‌ به‌رچاو.

"قازیزادە" له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژه‌ی به ڕاسان و خەباتی بەردەوامی حیزبی دێموکرات کرد.

نوێنه‌ری حیزب سه‌باره‌ت به ڕۆڵی وێرانکەری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک مەترسییەکی گەورە بۆ ئاشتی و دێموکراسی ڕوون کردەوە.