کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ دوو ئەندامانی سەوزی ئاڵمان

11:21 - 15 رەشەمه 2719

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، دیدارێکی لەگەڵ دوو ئەندامی حیزبی سەوزەکانی ئاڵمان پێک هێنا.

"مستەفا قازیزادە"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان دیدارێکی لەگەڵ خاتوون "کلاود یاڕۆت"، جێگری سەرۆکی پارلمان و ئەندامی فراکسیۆنی حیزبی سەوزەکان و هەیئەتی هاوڕێی پێک هێنا.

لەو دانیشتنەدا نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات وێڕای باسێکی گشتی سه‌باره‌ت به سیاسه‌ته‌کانی حیزبەکەی، ئامانجی حیزبی دێموکراتی سه‌باره‌ت بە پرسی کورد له کوردستانی ڕۆژهەڵات و داهاتووی ئێران و پرسی فێدراڵیزم ڕوون کرده‌وه.

هه‌روەها هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکراتی له چوارچێوه‌ی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کان بو ئێرانێکی فێدراڵ و چه‌ندین هاوپەیمانیی دیکەی خسته‌ به‌رچاو. هاوکاریی نێوخۆیی لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیش هاتە باس.

نوێنه‌ری حیزب سه‌باره‌ت به ڕۆڵی وێرانکەری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوا و هەڵسوکەوتەکانی ئەو وڵاتە وەک مەترسییەکی گەورە بۆ ئاشتی و دێموکراسی ڕوون کردەوە.

"قازیزادە" له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژه‌ی به بارودۆخی ئێستای مافی مرۆڤ له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات کرد.

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا باری ئاڵۆزی وڵات، پێشێلکردنی بێسنووری مافی مرۆڤ لە کاتی سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانە و سەرکوتی زیاتری گەلی کورد هاتە بەر باس.