کوردستان میدیا: هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبونەوەی هێزە کوردستانییەکان کە لە وڵاتی بێلژیکدا بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد.
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب پێکهاتوو لە "بەها ئیبراهیمی"، بەرپرسی کۆمیتە و "ناسک نەسیریزادە"، بەرپرسی کۆمیتەی ژنانی حیزبی دێموکرات لە بێلژیک، بەشدارییان له کۆبوونەوەی هێزە کوردستانییەکاندا کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، نوێنەرایەتی و کۆمیتەکانی پارت و هێزە کوردستانییەکان بەشدار بوون.
لەو کۆبوونەوەیدا ئامادەکاری و هاوکاریی هەرچی زیاتری کار و چالاکییەکانی حیزبه سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بەنیسبەت مەحکوومکردن و شەرمەزارکردنی هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیه بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا خرایە بەر باس.
لە درێژەی باسکردن لەسەر تەوەر و بابەتەکانی کار و چالاکیی داهاتووی هێزە کوردییەکان، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بێلژیک، وێڕای جەختکردن لەسەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئامادەیی کۆمیتەی بەنیسبەت هەر کار و چالاکییەک بۆ لەقاودانی جینایەتەکانی تورکیە و پشتیوانی لە برا و خوشکەکانمان لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەربڕی.
هاوکات لەگەڵ نوێنەرایەتیی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، باسیان لەسەر باشتر بەڕێوەچوونی پلان و کاری داهاتوو کرد.
لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە:
ـ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ کۆمیتەی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد
ـ لێژنەی ناوچەی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ کۆمیتەی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان PYD
ـ کۆمیتەی پارتی دێموکراتی کورد
ـ کۆمیتەی پارتی پێشڤەرۆی کورد
ـ کۆمیتەی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور