کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی هولەنددا بەڕێوەچوو

16:26 - 30 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی هاوبەشی کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان، لە وڵاتی هولەنددا بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەر، لە شاری "ڕایسوایکـ"ـی وڵاتی هولەنددا، کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان بە خولەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی کوردستانی ڕۆژئاوا، بە خانەخوێی پارتی دێموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە نوێنەرانی زۆربەی حیزبە کوردستانییەکان تێیدا بەشدار بوون، بە شێوەیەکی گشتی ئاوڕێک لە هەلومەرجی هەر چوار پارچەی کوردستان درایەوە.

کۆبوونەوەکە زیاتر لەسەر ڕەوشی کوردستانی ڕۆژئاوا، کە لە لایەن تورکیەوە بە دوور لە هەموو پرەنسیپێکی مرۆیی و نێونەتەوەیی هێرشی کراوەتەسەر و خەڵکانێکی زۆر شەهید و بریندار بوونە، درێژەی کێشا و هەر حیزبە و بە جۆرێک هاودەردی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ ئەم کارەساتە هێنایە بەر باس و پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا دەربڕی .

لەو کۆبوونەوەیەدا، "حەسەن مەجیدی"، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەشداری باسەکان بوو.

"حەسەن مەجیدی" هەروەها باسێکی لەسەر مەترسییەکانی ئەم هێرشە و ئاکامەکانی و ڕۆڵی تێکدەرانەی بەرچاوی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی هەموو کیانێکی کوردی بۆ بەشداربووان شی کردەوە و لە کۆتاییدا پشتیوانیی خۆی و حیزبەکەی بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.