کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەک بۆ مامۆستا حەسەن شێوەسەڵی پێکهات

12:29 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید، بە سەرپەرەستیی"کاکەبرا ئەلیاسی" بەرپرسی کۆمیتە، کۆبوونەوەیەکیان بۆ تێکۆشەر مامۆستا مەلا "حەسەن شیوەسەڵی"، ئەندامی ئیفتخاریی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ڤیسترۆسی سوئید پێک هێنا.

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٦ی سەرماوەز ١٣٩٧ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ڤیسترۆسی سوئید کۆبوونەوەیەکی بۆ مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی پێک هێنا.

لەو دیدارەدا کۆمیتەی گشتیی حیزب، هەڵگری بڕیاری ڕەسمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مامۆستا سەبارەت بە دیاریکردنی ١٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب بوون، کە بەداخەوە مامۆستا لەو ڕۆژەدا لە لایەن تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی پیلانی تێرۆری مامۆستایان داڕشتبوو که توانیان لە خوشەویستیی مامۆستا بۆ زانست و فێربوون کەڵک وەرگرن و کتێبی "دان چەرموو" لە نووسینی "جەک لەندن" بۆمبڕێژ بکەن. ئەو کتێبە لە ڕێگای سیخوڕەکانی خویانەوە بیگەنە لای مامۆستا، لەو کردەوە دژی مرۆیییەدا بەداخەوە مامۆستا هەر دوو چاوی و دەستی لە دەست دەدات و  بەشیکی زۆری لەشی لەو تەقینەوەدا برینی قووڵ هەڵ دەگرێت.

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە سوئید، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە جەنایەتکارانەی ڕێژیمی ئێران؛ خوشحاڵیی خویی سەبارەت بە دیاریکردنی ١٦ی سەرماوەز، وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب  دەربڕی.

هەر لەو دیدارەدا کۆمەڵیک لە ئەندامان و کادرەکانی حیزب و هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزب ٣ دیاری بە مەبەستی ڕێزگرتن لە مامۆستا پێشکەشی کرد. یەکەم چەپکەگووڵێک بە نیشانەی ڕێزگرتن و پیرۆزبایی لە دیاریکردنی ١٦ی سەرماوەز و وەفایەک بۆ مامۆستا، دووهەم لەوحێکی ڕێزگرتن لە مامۆستا لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوئید، بە نیشانەی پێزانینی بە زەحمەت و تێكۆشانی مامۆستا، سێهەم یەک دەست جلوبەرگی پیرۆزی پێشمەرگە بە نیشانەی ڕێزگرتن لە هەموو پێشمەرگەکان و کەمئەندامانی سەنگەر و خەبات و ماندوبوونی پێشمەرگە .

 هەر لەو پێوەندییەدا مامۆستا دوای وەرگرتنی هەر خەڵاتێک وێڕای پەسەندکردنی خەڵاتەکان هەموو خەڵاتەکانی وەک دیاریی پێشکەش بە پێشمەرگەکان و کەمئەندامانی سەنگەر و هاوڕێی کۆچکردوومان کاک کەریم حەدداد کرد.

 لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، وەک وەفایەک بۆ "کەلسووم خان" خێزانی مامۆستا بە دانی چەپکەگوڵێک ڕێزی خویان بە ناوبراو ڕاگەیاند.

لە بەشێکی دیکە ئەو ڕێوڕەسمەدا، مامۆستا باسێکی زۆر بەنرخی لەسەر خەبات و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دڕندەیی ئەو ڕێژیمە باس کرد و خوشحاڵیی خۆی بۆ ئەو بڕیارەی ناوەندی سیاسی ڕاگەیاند.