کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەک بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئورووپا بەڕێوە چوو

13:25 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەک بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئورووپا بەڕێوە چوو، کە لەو کۆڕەدا نوێنەری پارلەمانی ئورووپاش بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بانەمەڕ، پێوەندییەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی باکوور، کۆڕێکیان بۆ کوردانی چوار پارچەی کوردستان ڕێک خستبوو و بەم بۆنەوە پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، ئەندام پارلەمانی ئێستای ئورووپا و بەربژێر بۆ خولی داهاتووی پارلەمانی بانگهێشتی ئەم کۆبوونەوەیە کرد، بۆ ئەوەی ڕاوبۆچوونی خۆی بە نیسبەت ڕۆڵی پارلەمانی ئورووپا و پرسی کورد بخاتە ڕوو.

 لەم چوارچێوەیەدا "مارک دێ مێسماکێر" لە پارتی NV-A ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو و وتەیەکی پێشکەش کرد.

کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە حیزب و پارتە جیاوازەکاندا، ڕۆژی ١٥ی بانەمەڕ، کۆبوونەیەکیان لە بروکسێل بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی کورد بەڕێوە برد و لەم کۆبوونەوەدا تیشک خرایە سەر دۆزی کورد لە بەشە جیاوازەکانی وڵاتدا.

پەیوەندییەکانی حیزب، ئەم کۆبوونەوەی بە دەرفەتێک زانی تاکوو داوا لە بەربژێرەکانی پارلەمانی ئورووپا بکات، هەتا بێن و لە نزیکەوە سیاسەت و بۆچوونەکانی خۆیان بۆ کوردانی تاراوگە بخەنە ڕوو.

 بۆ ئەم مەبەستە، مارک دێ مێسماکر، لە پارتی NV-A کە لە ئێستاشدا ئەندام پارلەمانە، لە کۆڕەکەدا بەشدار بوو و لە دەسپێکی کۆڕەکەدا وتەکانی خۆی پێشکەش کرد.

بەڕێزیان ڕوانگەی پارتەکەی خۆی کە ناسیۆنالیستێکی میانەڕەوە لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی مەدەنییە خستە ڕوو و پێداگری لەسەر ناسیۆنالیزمێک کرد، کە فرەڕەهەندە و پێداگر لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی بێت.

لە درێژەی باسەکەدا، ئاوڕیان لە پرسی کورد وەک پرسێکی ڕەوا دایەوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕاگەیاند.

لە دواییدا باسیان لەوە کرد، کە لە ماوەی ئەندام پارلەمانیدا هەمیشە کاریان بۆ پاڵپشتیی دۆزی کورد کردووە و ئەگەر دووبارە بچنە پارلەمانی ئورووپا لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام دەبن.

 هەروەها وتەکانیان بەم شێوەیه کۆتایی پێ هێنا کە هەر ئارەزوییەکیان بۆ نەتەوەکەی خۆیان هەیە، هەمان ئارەزوو و هیوا بۆ کوردەکانیش دەخوازن.