کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی زیاتر ناساندنی کورد لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

13:26 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی شارەوانیی شاری "نۆیئزێنبورگـ"ـی ئاڵمان، کۆبوونەوەیەکی بە مەبەستی زیاتر ناساندنی کورد بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی،٢٧ی بانەمەڕ، ئەنجومەنی شارەوانیی شاری "نۆیئزێنبورگـ"ـی ئاڵمان، کۆبوونەوەیەکی بە مەبەستی کۆمەڵێک باس و بابەتی پەیوەندیدار بە کاروباری ئەو ناوچەیە بەڕێوە برد.

ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەندامان و سەرۆک پارلەمان "کریستینە واگنر" و "هۆنکل" شارەداری ئەو شارە و ئەندامانی هەیئەت مودیرەی ئیجرایی حێزبەکانی : سەوزەکان، چەپەکان، سوسیال دێموکرات، یەکیەتیی دێموکراتیکی مەسیحیەکان  (CDU)،ڕاگەیاندنە خۆجەییەکان و شۆرای شار پێکهێنا.

لەو کۆبوونەوەیەدا، "کەژاڵ نەقشبەندی" بەرپەرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ئەندامی ئەو ئەنجومەنە، کە یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو کۆبوونەوەیەش بوو بەشداریی کرد.

لەو کۆبونەوەیەدا باسێکی تێروتەسەل لە سەر کورد، بە تایبەت کوردی ڕۆژهەڵات و ژنان لە نێوان "کریستینە واگنیر و هۆنکل و کەژاڵ نەقشبەندی" هاتە ئاراوە.

سەرنجڕاکێشبوونی ئەو پرسە بوو بە هۆی ئەوەیکە "واگنێر" داوا بکات کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ "کەژال نەقشبەندی" سەبارەت بە پرسی کورد و لە حەوتووی داهاتوودا پێک بێنێت.

"کریستینە واگنیر" لەسەر ئەو باوەڕە بوو، کە پێویستە زیاتر لە سەر ئەو مژارە کار بکرێت تا کورد و خەباتی ئەو گەلە بۆ ئازادی و یەکسانی و مرۆڤایەتی لە پارلەمانی ئاڵمان و شوێنە گرینگەکان باس بکرێت و کورد باشتر بناسێنرێت.