کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی دنەی ئەفغانییەکان بۆ شەڕ لە سووریە دەدات

14:49 - 10 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، دوێنێ هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان ڕایگەیاند؛ سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، هەزاران هاووڵاتیی ئەفغانی بۆ شەڕ کردن لە سووریە بەڕێ دەکات بۆ ئەوەی شانبەشانی لایەنگرانی بەشار ئەسەد، لەو وڵاتە شەڕ بکەن.

ڕادیۆ فەردا بڵاوی کردۆتەوە؛ بەڕێوەبەری بەشی کاروباری بەپەلەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە؛ ڕێژیمی ئێران جگە لە دانی هەندێک پارە وەکوو هاندەری ماڵی بە کۆچبەرە ئەفغانییەکان بۆ بەشداری کردن لە شەڕی سووریەدا، هەندێک لەو کەسانەشی بە زۆرەملی بۆ سووریە ناردووە.

بە وتەی پیتێر بوکائێرت، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لەم پەنابەرانە کردووە کە ئەگەر بەشداریی شەڕی سوریە نەکەن، لە ئێران دەردەکرێن، کە بەم هۆیە و لە ڕووی ناچارییەوە، بەشێک لەو ئەفغانییانە بەرەو ئورووپا کۆچیان کردووە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداریی پێکردنی ئەفغانییەکان لە قازانجی ئەسەد لە شەڕی سووریە، مافی شارۆمەندی و مووچەی مانگانە بۆ ئەفغانییەکان دەبڕێتەوە.

لە ڕاپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤدا هاتووە؛ زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی ئەفغانی، پێی ڕاگەیاندووین کە ئێمە لە بنکە فێرکارییەکانی بەسیج، یان سپای پاسداران لە تاران و شیراز، خولی سەربازیمان بینیوە. زۆربەی ئەو کەسانە، لە بەرەکانی دیمەشق، حەلەب، دەیرەزوور، لازقیە و بەرزاییەکانی گوڵان لە نزیک سنووری ئیسڕائیڵ، بەشداریی شەڕی نێوخۆیی سووریەیان پێ کراوە.