ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "بێلژیک" بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها بۆ پشتیوانی لە ڕاسان کۆبوونەوەیەکیان لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەو ڕێژیمە لە "بروکسێل"، بە بەشداریی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکرات، پێک هێنا.
دەستپێکی خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی بە چالاکییەکانی کرد.
پاشان لەلایەن "بەها ئیبراهیمی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە "بێلژیک" وتارێک پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
لەو وتارەدا "بەها ئیبراهیمی" ئاماژەی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەر کاری هەتا ئیستا کرد و ئەو ڕاستییەشی باس کرد کە حیزبی دێموکرات هیچکات لە هەڕەشە و هێرشەکانی ئەو ڕێژیمە ترسی نەبووە.
"ئیبراهیمی" لە درێژەدا وتی: "حیزبی دێموکرات بە هەبوونی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانیی خەڵک لە شۆڕشی ڕەوای کورد هەموو کات لە مەیدانی خەباتدا بوونی هەبووە و شێلگیرانەتر لە جاران و بە وزە و تینێکی بەهێزترەوە درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە و هەتا گەیاندنی گەلی کورد بە هەموو مافە ڕەواکانی هەروا درێژەدەر و ڕێنیشاندەری خەبات دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی گردبوونەوەکەدا لەلایەن "عەلی نیک ڕەوش" چالاکی سیاسی و گیراوی سیاسیی نێو بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وتارێک بە زمانی فەرانسەوی خوێندرایەوە.
هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەوە وتارێک بە زمانی فارسی خوێندرایەوە کە تێیدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کرا.
دواتر بە نوێنەرایەتیی کوردانی کوردستانی ڕۆژئاوای بەشداری گردبوونەوەکە "حەبیب ئیبراهیم" بەرپرسی گشتیی دەرەوەی وڵاتی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە، پەیامێک پێشکەش بەشداربووان کرا و لە نێوەرۆکی پەیامەکەدا وێڕای پشتیوانیکردن لە خەباتی ڕەوای خوشک و براکانیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێرشی دڕندانە و هۆڤانەی کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی شەرمەزار کرد.
کۆتایی خۆپیشاندانەکە بە نوێنەرایەتیی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی، "مەهدی نۆبەری" وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و دەقی نامەی "مەسعوود ڕەجەوی" سەرۆکی موجاهدینی خەلقی ئیران کە بۆ پشتگیری لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەحکوومکردنی هێرشی دڕندانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاو کرابووەوە ،خوێندرایەوە.