کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بریتانیا بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

11:57 - 23 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا و کۆمیتەی ناوچەی ئیساکاتلەند بەبۆنەی یادی ٣٢ ساڵەی شەھیدکرانی دوکتور قاسملوی مەزن و هاوڕێیانی، خۆپیشاندانێکیان ڕێک خست.

 سەرەتای خۆپیشاندانەکە کە لە بەر دەرکی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندەن ڕێک خرابوو، بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی خۆپیشاندەران لەلایەن ''فەرید دەیھیم'' بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی بریتانیاوە خۆێنداریەوە.

خۆپیشاندەران بە دروشمدان بە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران و ئۆتریش بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی بەرەو باڵوێزخانەی ئۆتریش بەڕێ کەوتن.

لە بەر دەرکی باڵوێزخانەی ئۆتریش پەیامی خۆپیشاندەران بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ''ڕزگار ئالانی'' نوێنەری حیزب لە بریتانیا خوێندرایەوە و داوای لە دەوڵەتی ئۆتریش کرد کە دۆسیەی تێرۆری دوکتور ''قاسملوو'' وەگەڕ بخرێتەوە و بکەرانی ئەو جینایەتە دادگایی بکرێن .