کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بێلژیک وێبینارێکی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە برد

08:34 - 6 رێبەندان 2720

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بێلژیک وێبینارێکی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بۆ بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.

ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی "بێلژیک" بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، وێبینارێکی بۆ "محەممەد ساڵح قادری"، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە برد.

وێبینار بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

"محەممەد ساڵح قادری"، وێڕای پیرۆزباییکردنی ئەم بۆنە نەتەوەییە، باسەکەی بە سەر چەند تەوەردا دابەش کرد.

قادری باسێکی کورتی لەسەر سەردەمی پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان کرد و بە ئاوڕێکی ورد و بنچینەیی لە شۆڕشەکانی پێش دروستبوونی کۆمار تا پێکهاتنی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانـ"ـدا و باسی لە گۆڕینی ناوی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان " و هۆکارەکانی و دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف کرد و هەروەها باسێکی لە بارودۆخی کوردستان لە کاتی پێکهاتنی کۆمار کرد، وەک ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و زانست و نەبوونی قوتابی و ڕاگەیاندن و هتد".

بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەشی دووهەمی باسەکەیدا، تیشکی خستە سەر دەسکەوتەکانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، وەک دەسکەوتێکی نەتەوەیی بۆ هەموو نەتەوەی کورد، کە بەرچاوترین دەسکەوتەکان بریتی بوون لە: "ناساندنی ئاڵای کوردستان وەک ئاڵای نەتەوەیی گەلی کورد. 

خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکیی تەنانەت بۆ گەلانی دیکەی نێو کۆمار، ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، گرینگیدان بە بەشداریی توێژەکانی کۆمەڵگا وەک لاوان و ژنان لە سیاسەتدا و دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی تایبەت بەو دوو توێژەی کۆمەڵگەی کوردستان، بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤاری جۆراوجۆر بۆ وشیاریی کۆمەڵگە و زۆر دەسکەتی دیکە، بۆ ئەو سەردەمە بێوێنە بوون.

قادری لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە  خاوەنداریەتیی کۆمار بۆ هەموو پارچەکانی تری کوردستان کرد و پەیوەندیی کۆماری لەگەڵ بەشەکانی تر بەرز نرخاند و هەروەها باسی لە دانوستانەکانی کۆمار لەگەل "یەکیەتیی سۆڤییەت" و "دەولەتی میللی ئازەربایجان" کرد. 

لە بەشی کۆتایی وێبیناری ٢ی ڕێبەنداندا، "محەممەد ساڵح قادری" ئاماژەی بەو هۆکارانە کرد کە بوونەتە هۆی نەمان و تێکچوونی کۆماری کوردستانی و بەتایبەت وازهێنان لە بڕیاری خۆڕاگری لەلایەن سەرانی کۆمارەوە بەهۆی ئەو بەڵێنییانەی کە کاربەدەستانی ئێرانی پێیان دابوو و  جێبەجێیان نەکرد، دواتر بە دادگاییکردنی و لە سێدارەدانی "پیشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی" کۆتاییان بە تەمەنی کۆمار هێنا.

قادری هەروەها وتی: "لەگەڵ ئەوەیکه کۆمار نەماوە، بەڵام ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بۆ ڕزگاری لە دڵی هەموو گەلی کورددا زیندوون و هەتا ڕۆژی ڕزگاری، خەبات بۆ وەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان درێژەیان دەبێت." 

بەشی کۆتایی وێبیناری تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان، ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، تەرخان کرابوو بۆ پرسیاری ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە بێلژیک کە لەلایەن "محەممەد ساڵح قادریـ"ـیەوە وڵام درانەوە.