کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سویس ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ بەڕێوە برد

18:26 - 25 گەلاوێژ 2721

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان ''ئازاد بیتاری'' بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس بە ناوی کۆمیتەی حیزبەوە بەخێرھاتنی بەشداربووانی کرد.

دواتر ''کامران ڕەسووڵی'' ئەندامی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس وتارێکی بەو بۆنەوە لەسەر ڕۆڵ و پێگەی حیزب لە قۆناغە جیاوازەکان پێشکەش کرد.

''ڕەسووڵی'' لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ھەڵوێستی حیزبی دێموکراتی لە ماوەی ٧٦ ساڵی ڕابردوو بەرز نرخاند و وتی: ''حیزبی دێموکرات لە ماوەی تەمەنیدا بە دەیان جار بەرژەوەندیی خۆی فیدای ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی نەتەوەکەی کردووە".

ناوبراو لە کۆتاییدا باسی لەسەر زەروورەتی  پرۆسەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات کرد و وتی، ئەو ھەنگاوانەی کە بۆ یەکگرتنەوە ھەڵگیراوە جێگەی دڵخوشییە بۆ میللەتەکەمان لە ڕوژھەڵات و لەو پێوەندییەدا داوای لە ھەموو لایەک کرد بە ھەموو شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت پشتیوانی لە پرسی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بکەن.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بابەتێک لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ''موختار ڕاوش'' بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزب پێشکەش کرا.

 ناوبراو لە باسەکەیدا زۆر بە وردی باسی لە دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکرات لە مێژوی شۆڕشی کوردستانی ڕۆژھەڵات کرد.

هەروەها ''موختار ڕاوش'' باسێکی لەسەر ''ڕۆڵی دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەرێکی کاریزما لەنێو حیزب و شۆڕشی ڕۆژھەڵات'' پێشکەش کرد .

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن ''ڕزگار ڕەشیدی'' خوێندرایەوە.

هەروەها دوو پارچە ھۆنراوە لەلایەن ''زوبێر ئیبراھیمی و ڕاسان نەجمی'' پێشکەش کرا.

لە کۆتایی بەشی یەکەمی ڕێوڕەسەمەکەدا ''ئەنوەر بەردیا'' بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس بابەتێکی پێشکەش کرد و سپاسی بەشداریی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی سویس بەتایبەت ئەندامانی پارتی سوسیال دێموکراتی کوردستانی باکووری کرد.

بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ ھەر دوو ھونەرمەند ''سۆران محەممەدی و میلاد پیادە'' کە چەند گۆرانییەکیان بەو بۆنەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.