کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ وێبنارێکی بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوە برد

18:20 - 23 پووشپەڕ 2720

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ وێبنارێکی سیاسی- گشتیی لە یادی تێرۆرکرانی دوکتور "قاسملوو"دا بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ، وێبنارێکی سیاسی-گشتیی بۆ یادی ٣١ ساڵەی تێرۆرکرانی ڕێبەری بیرمەند دوکتور "قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسوڵ"، پێک هێنا.

وێبنارەکە لەلایەن "نادر قودرەتی" بەڕێوە برا و کۆڕگێڕانی ئەم یادەش بریتی بوون لە "ڕۆستەم جەهانگیری" بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوکتور "هەژار ڕەحیمی" مامۆستای زانکۆ.

لە بەشی یەکەمی وێبنارەکەدا "ڕۆستەم جەهانگیری" باسێکی لەسەر قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی ژیانی سیاسیی دوکتور "قاسملوو" و بەشێک لە ڕووداوە مێژووییەکان کرد.

هەروەها "جەهانگیری" کاریگەریی ڕووداوە مێژووییەکانی لەسەر هزر و کرداری "دوکتور قاسملوو" هێنایە بەر باس و لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە تیشکی خستە سەر هەڵوێست و جیهانبینیی دوکتور "قاسملوو".

لە درێژەی باسەکاندا ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی دوکتور "قاسملوو" لەگەڵ لایەنە کوردی و هەرێمییەکاندا کرد و پاراستنی بەرژەوەندیی پارچەکانی تری کوردستانی بە خاڵێکی پڕشنگداری حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو پێناسە کرد.

لە بەشی دووەمی وێبنارەکەدا دوکتور "هەژار ڕەحیمی" لە باسێکی فرەڕەهەندیی زانستیدا تیشکی خستە سەر چەند تایبەتمەندییەکی کەسایەتیی دوکتور "قاسملوو" و کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوە مێژوییەکان بە شێوەیەک کە بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردی.

هەروەها ناوبراو لایەنە فیکری و کردەییەکانی دوکتور "قاسملوو"ی لە چوارچێوەی جیهانبینیی دوکتور "قاسملوو"دا و ناسینی کۆمەڵگای کوردی و هەستکردن بە کێشەکان و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنیانی بەرز نرخاند.

"ڕەحیمی" لە لێکدانەوە و شرۆڤەکانیدا ڕوونی کردەوە کە دوکتور قاسملوو لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە هیچ ئایدۆلۆژییەک ناتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات و هەوڵی داوە ئایدۆلۆژی لەگەڵ کۆمەڵگا بگونجێنێت نەک کۆمەڵگا لەگەڵ ئایدۆلۆژی ئاوێتە بکات.

"دوکتور هەژار" پێی وابوو لە خوێندنەوەی کردار و تێگەیشتنی دوکتور "قاسملوو"دا دەتواندرێت ڕۆحی کوردایەتییەکی مۆدێڕن هەڵێنجێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە خاڵێک کە دەتوانین بیکەینە تێزی ڕۆحی کۆمەڵگای کوردی ئەوەیە کە دوکتور "قاسملوو" هیچ چەشنە گومانێکی لەسەر سەروەریی نەتەوەیی کورد نەبوو و ستراتێژیی نەتەوەیی بە شێوەی "تەساعودی" دادەڕشت نەک بە شێوەی "تەنازولی".

ئەمانە و زۆر باس و بابەتی بەپێزی دیکە لەسەر کەسایەتی و کاریگەریی دوکتور "قاسملوو" لە وتەکانی  "ڕۆستەم جەهانگیری و دوکتور هەژار ڕەحیمیـ"ـدا ڕەنگیان دایەوە.

وێبنارەکە ٢ کاتژمێری خایاند و بە شێوەی لایڤی فەیسبووک بەڕێوە چوو کە هاوکات بینەرێکی یەکجار زۆری هەبوو.