کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و پارتی سووسیالیستی کوردستان کۆ بوونەوە

12:19 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەک لە نێوان کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سووسیالیستی کوردستان لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو و لەسەر هەندێک کاری هاوبەشی مەعنەوی و ماڵی پێکەوە وتووێژیان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی پارتی سووسیالیستی کوردستان لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی کۆمیتەی حیزب باسێکیان بە نیسبەت ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانەی حیزب، دۆخی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان،  ھەڵویست و سیاسەتەکانی حیزبیان پێشکەشی شاندی پارتی سووسیالیست کرد.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسێک بوو لەسەر پێوەندیی دوو لایەنە، بۆ ھەرچی زیاتر چالاککردنی پێوەندییەکانی دەرەوە و پێوەندیی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان لە وڵاتی سویس.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەسەر چەند پرۆژەیەکی کاری ھاوبەش و ھەروەھا ھاوکاریی ماڵیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕاسانی ڕۆژھەڵات کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا بڕیار درا، کە بە شێوەیەکی بەربڵاو و جیاواز لە ساڵانی پێشوو، ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ پێکەوە وەک دوو حیزب بەڕێوەی ببەن، کە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە ھەموو جۆرە ئامادەکارییەکی ورد یەک لەوان بانگھێشتی فەرمیی ھێز و لایەنە کوردستانی و سویسییەکان و کەسایەتی و پارلەمانتارانی سویسی بکرێت.