کوردستان میدیا: فیدراسیۆنی کۆمەڵە کولتوورییە کوردستانییەکان لە وڵاتی نورویژ، بە بەشداریی چواردە کۆمەڵەی کولتووری لە چوارپارچەی کوردستان ، یەکەمین کۆنگرەی خۆی پێک هێنا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بانەمەڕ، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کولتوورییە کوردستانییەکان لە وڵاتی نورویژ، یەکەمین کۆنگرەی خۆی بە بەشداریی چواردە کۆمەڵەی کولتووری لە چوارپارچەی کوردستان، لە ناوچەی "هۆلملیا" پێک هێنا و بە شێوەیەکی فەرمی ڕێبەرییەکی بۆ خۆی هەڵبژارد.
ئەو فێدراسیۆنە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە لایەن چەند کۆمەڵەیەکی کولتوورییەوە یەکەم چوارچێوەکانی پێکهات؛ لۆگۆ، بەرنامە و پێڕەو و ناوی بۆ دیاری کراوە و بە ڕێککەوتن لە نێوان ئەو کۆمەڵە کولتوورییانە، پاش چەندین سێمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە لە پێوەندی لەگەڵ نزیکترکردنەوەی زیاتری کۆمەڵە کولتوورییە کوردییەکانی دیکە یەکەمین کۆنگرەی خۆی پێک هێنا.
ڕیزبەندی کاریی کۆنگرەکە بەکورتی، بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
١ـ نووسینی ناوی ئەندامانی بەشدار لە کۆنگرە و بەخێرهاتنی میوانەکان لە لایەن دیوانەوە کە بریتی بوون لە: عەبدولباقی حوسێنی، ئیبراهیم کۆنەپۆشی و فایز کۆچەر.
٢ـ سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کورد و کوردستان.
٣ـ پێشکەشکردنی گوتاری کۆمیتەی ئامادەکاریی فیدراسیۆن بە زاراوەی کرمانجی لە لایەن ڕوودی ئیلگین و بە زاراوەی سۆرانی لە لایەن ئاریا ئەفشارەوە.
٤ـ خۆناساندنی کۆمەڵە کولتوورییەکان بە یەکتر.
٥ـ پێشکەشکردنی بەرنامە و پێڕەوی فیدراسیۆن بە زاراوەی کرمانجی لە لایەن تەها بێجانییەوە.
٦ـ پێشکەشکردنی بەرنامە و پێڕەوی فیدراسیۆن بە زاراوەی سۆرانی لە لایەن مەنسوور عەزیزییەوە.
٧ـ ڕەخنەگرتن و پێشنیاردان لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامە و پێڕەوی فیدراسیۆن و وڵامدانەوە بەو ڕەخنە و پێشنیارانە لە لایەن بەشی پێوەندیدارەوە.
٨ـ هەڵبژاردنی کۆمیتەی گشتیی فیدراسیۆن کە پێک هاتبوون: لە نوێنەرانی خاوەن دەنگی هەموو کۆمەڵە کولتوورییە ئەندامەکان لە فیدراسیۆن.
٩ـ پێشکەشکردنی گوتاری دوایی کۆنگرە لە لایەن عەبدولباقی حوسێنی، ئەندامی دیوانەوە.
١٠ـ کۆبوونەوەی کۆمیتەی گشتیی هەڵبژێردراوی کۆنگرە و هەڵبژاردنی ڕودی ئیلگین وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کولتوورییە کوردستانییەکان لە وڵاتی نورویژ.
١١ـ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی فیدراسیۆن کە چوار هاوڕێ: مەنسوور عەزیزی، عەبدولباقی حوسێنی، قادر عەزیزبەیگی و نەسرین تیلۆ وەک ئەندامانی ئەسڵیی دەستەی کارگێڕی لە لایەن کۆمیتەی گشتیی فیدراسیۆنەوە، دەنگی متمانەیەن پێ درا.