کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕاسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوە چوو

10:15 - 17 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەز بە بەشداریی نوێنەری ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات ''شەهریار نەقشبەندی'' و نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن ''دارا ناتق'' و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، لە وڵاتی بێلژیک کۆنفڕانسی نوێکردنەوەی کۆمیتە بەڕێوە چوو.

سەرەتای کاری کۆنفڕانس بە سروودی دوژمنبەزێنی ''ئەی ڕەقیب'' و پاشان ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

 پاشان ''بەها  ئیبراهیمی'' بەرپرسی کۆمیتە بەخێرهاتنی نوێنەرانی بەشی ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات و نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن و سەرجەم ئامادەبووانی کۆنفڕانسی کرد.

دواتر ''شەهریار نەقشبەندی'' نوێنەری بەشی ڕێکخستن لە دەرەوەی وڵات وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دوایین گۆڕانکارییەکانی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  ئێران کرد و باسی لەوە کرد کە ئەو گۆڕانکارییانە هەموویان لە بەرژەوەندیی گەلانی چەوساوەن و  ئێمەی کوردیش دەبێ کاریگەریمان بە قازانجی خۆمان هەبێت و لەو ڕاستایەدا ئەرکی ئێمەش وەک ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات دەبێ زۆر کاریگەرتر بێت بەنیسبەت لەقاودانی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بیروڕای دنیای دەرەوە و هەروەها وەک ئەندام و لایەنگری حیزب پێویستە چالاکتر لە  ڕابردوو هەوڵ بدەین ئەرکەکانمان بە باشترین شیوە بەڕێوە ببەین.

پاشان ''دارا ناتق'' وەک نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن بەشێک لە ئاییننامەی کۆنفڕانسەکانی حیزبی  پێشکەش کرد و بە وردی خاڵە گرینگەکانی ئاییننامەی بۆ بەشداران شی کردەوە.

پاشان وێڕای وەرگرتنی دەنگی مەشرووعییەتی کۆنفڕانس لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنفڕانسدا  ڕاپۆرتی گشتیی کۆمیتە لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە ''بەها ئیبراهیمیـ''یەوە پێشکەش کرا.

بەشێکی دیکەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بوو بۆ بەشداربووان بۆ باسکردن لەسەر ڕاپۆرت و دەربڕینی سەرنج و تێبینییان لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە کورد و حیزبی دێموکراتەوە.

کۆنفڕانس پاش چەند کاتژمێر کاری بەردەوام و بەشداریی گەرمی بەشداربووان کۆتایی بە کاری خۆی هێنا  .