کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە چوو

11:36 - 2 سەرماوەز 2721

لە ڕاستای نوێکردنەوەی کۆمیتە و بەپێی پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکرات، کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی ڕۆژاوای کانادا لە ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٢١ی نوامبری ٢٠٢١ بە بەشداریی چالاکانەی ئەندامانی حیزب و ''کاوە عەبداڵی'' بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات، لە شاری ''ڤانکۆڤەر'' بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.

دواتر پەیامێکی سیاسی لەلایەن "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات، پێشکەش کرا.

ناوبراو لە وتارەکەیدا دوای ئاماژەدان بە هەلومەرجی قەیراناویی ڕیژیمی ئیسلامیی ئێران چ لەنێوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات، دۆخی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی بە وردی بۆ ئامادەبووان لێکدایەوە.

"عەبداڵی" دواتر ئاماژەی بە هەلومەرجی خەباتی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و وێڕای هەڵسەنگاندنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەو پارچانە، هیوای بۆ وەدیهاتنی ئامانجی نەتەوەیی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان خواست.

لە بەشی دووەمی کۆنفڕانس، ''کاوە عەبداڵی'' بە شێوەی ڤیدیۆیی پێکهاتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ ئەندامانی حیزب شی کردەوە.

لە بڕگەی دواتری کۆنفڕانسدا ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی حیزب لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوو لەلایەن ''دیاکۆ خەیات'' بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا. دواتر ناوبراو ڕاپۆرتی ماڵیی کۆمیتەی بە شێوەی دێکیۆمێنت بۆ ئەندامانی بەشدار پێشکەش کرد.

پاشان ڕا و بۆچوون و ڕەخنەی ئەندامانی حیزب بۆ ڕاپۆرتی کۆمیتە و دۆخی گشتیی حیزب وەرگیرا و وڵامی ڕەخنە و پڕسیارەکان درانەوە.

لە بەشی کۆتاییدا ''حیکمەت قولیزادە'' هاوکاری دەزگای هەڵبژاردن، پاش شیکردنەوەی مکانیزمی هەڵبژاردن، بە هاوکاریی ''یووسف ئەمینی'' هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی نوێیان دەست پێ کرد و بەشداربووانی کۆنفڕانس بە شیوەی دێموکراتیک، کۆمیتەی نوێی حیزب لە ڕۆژاوای کانادایان هەڵبژارد کە ''سەعدی عەبدی'' وەک بەرپرسی نوێی کۆمیتە لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەوە هەڵبژێردرا.