کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی هولەند بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو

13:28 - 15 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان لەلایەن "عەباس ئەحمەدی" جێگری دەزگای هەڵبژاردن و "ڕەوەز محەممەدئەمینی" نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن لە هولەند کۆنفڕانسی ئەو کۆمیتەیه بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفڕانسەدا نوێنەری ناوەندی سیاسی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە دەرەوە و ئەندامانی کۆمیتەی هوڵەند بەشدار بوونه.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر دەنگی مەشرووعیەت بۆ کۆنفڕانسەکە وەرگیرا و باسێکی سیاسی لەلایەن "فاتمە عوسمانی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.

ناوبراو لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەریی زلهێزەکان لە سەر سیاسەتەکان و کاروباری وڵاتان، پرسی میلیشیاکان کە لە چەندین وڵاتدا وەکوو سووریە، لوبنان، یەمەن، عێراق، ئەفغانستان که خەریکە ئاڵۆزی درووست دەکەن لەسەر هەڵبژاردنەکان و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی وڵاتەکاندا ڕۆڵیان هەیە قسەی کرد.

 هەروەها باسی لەوە کرد کشانەوەی ئامریکا لە هەر شوێنێک کە بەرژەوەندیی نەمێنێ، ئیتر نائۆمیدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد هاتنەسەرکاری ڕێفۆرمیستەکان لە ئێران بە مەبەستی پاراستنی نیزام بووە نەک شتێکی تر. هاتنەسەرکاری ڕەئیسی دەتوانێ لەمپەری زیاتر بۆ گەلی کورد درووست بکات و کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد پرسی یەکگرتوویی کورد بۆ حیزبی دێموکرات زۆر گرینگە. هەر ئەندامێک دەتوانێ باڵوێزێک بێ لەو وڵاتانەدا و کار بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد بکات.

بڕگەی دواتر باسێکی کورت لەسەر ئەرک و ڕۆڵی ئەندامان و کاروباری ڕێکخستنی دەرەوە لەلایەن "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی ئاشکرا لە دەرەوەی وڵات و "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی مێحوەر پێشکەش کرا.

دواتر "حەسەن مەجیدی" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی هولەند ڕاپۆرتی کۆمیتەی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پێشکەش کرد.

پاشان بەشدارانی کۆنفڕانس ڕاو و سەرنجی خۆیان خستە بەر باس. پرسیارە سیاسییەکان لەلایەن "فاتمە عوسمانی" وڵام درایەوە.

" کاوە عەبداڵی و حەسەن مەجیدی" تێبینی، پرسیار و ڕەخنەی نێوخۆیییەکانیان وڵام دایەوە.

ڕاپۆرتی کۆمیتە بە تێکڕای دەنگ پەسند کرا.

باسێک لەسەر شیواز و میکانیزمی هەڵبژاردن لەلایەن "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن پێشکەش کرا.

لە کۆتاییدا ئەندامانی کۆمیتە بەرپرسی نوێی کۆمیتەیان هەڵبژارد.