کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "سوید" بەڕێوە چوو

11:19 - 16 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە شاری ''ڤێسترۆس'' لە وڵاتی سوید کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات بە بەشداریی زۆرینەی ئەندامانی حیزب و ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان مامۆستا مەلا ''حەسەن شیوەسەڵی'' و دوکتور ئیدریس ئەحمەدی'' ئەندامانی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات و هەروەها لەژێر چاودێری و سەرپەرستیی ''کاوە عەبداڵی'' بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات و ''فەرزاد جەلوەزان'' نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر ''عەزیز مورادپەرست'' لەلایەن کۆمیتەی گشتیی سوید وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کۆنفڕانس ڕیزبەندی کارەکانی کۆنفڕانسی خوێندەوە و دواتر لەلایەن دیوانی یەکەمی بەڕێوەبەریی کۆنفڕانسەکەوە کە پێک هاتبوو لە "کاوە عەبدالی" بەرپرسی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات و "عەزیزی مورادپەرست" بەرپرسی ڕێکخستنی کۆمیتەی سوید، دەنگ بۆ مەشرووعیەتی کۆنفڕانسەکە وەرگیرا و هاوکات کۆنفڕانسیش بە تێکڕای دەنگ بە ''کۆنفڕانسی ٢٦ی سەرماوەز'' ناودێر کرا.

دواتر ''فەخرەدین فەسیحیان'' وەک بەرپرسی کۆمیتەی خانەخوێ لە ڤێسترۆس بەخێرهاتنی بەشدارانی کۆنفڕانسی کرد.

 دواتر پەیامی کردنەوەی کۆنفڕانس بە نیشانەی ڕێزگرتن لە کار و چالاکیی کۆمیتەی شارەکان لە ماوەی نزیک بە سێ ساڵی ڕابردوو لەلایەن "حەبیب بەهرامی" بەرپرسی کۆمیتەی شاری ''ئیسکلستوونا'' پێشکەش کرا.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسێکی لەسەر ڕەوشی ناهەموار و داسەپاوی قەیراناوی بەسەر کوردستاندا پێشکەش کرد کە هۆکارەکەشی بۆ ناکارامەیی و سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڕاندەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسەکەدا باسێکی سیاسی لەلایەن  دوکتور ''ئیدریس ئەحمەدی'' ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا. ناوبراو لە باسەکەیدا لەسەر هەلومەرج و دەرفەت و مەترسییەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی خەبات و جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دانابوو قسەی کرد.

ئەحمەدی بە ئاماژە بە چەند نموونەیەک  لە هەلومەرجە نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لانیکەم لە ماوەی نزیک بە ٨ دەیەی ڕابردوو هاتوونەتە پێش، جەختی کردەوە کە کورد توانیویەتی لە ڕاستای گەیشتن بە ئامانجەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان کەڵکیان لێ وەربگرێت. لەوبارەشەوە ئاماژەی بە ململانێ و ناکۆکیی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەییەکان و تەنانەت کێشە ناوخۆییەکانی خودی وڵاتەکانی داگیرکەری کوردستان کرد کە هەریەک لەو هەلومەرجانە و دەرفەتێکی پێک هێناوە کە بزووتنەوەی کورد توانیویەتی لە بەرژەوەندیی خۆیدا کەڵکیان لێ وەربگرێت.

بەشێکی دیکەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرابوو بۆ "کاوە عەبداڵی" کە لەو پێوەندییەدا سەرەتا بە شیکردنەوەی چەند خاڵ و بابەت لەسەر ماف و ئەرکەکانی حیزبی قسەی کرد و دواتر باسێکی بەڵگەمەندی لەسەر ڕێکخستن و قەوارەی گشتیی ڕێکخراوکەمان و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو قەوارە نوێیە و چۆنیەتیی کارکردن و دابەشبوونی دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەی دێموکراتیک لە حیزبدا و ڕێکارەکانی پێکەوەبەستنی ئۆرگان و دامەزراوەکانی ئەو قەوارە نوێیە شی کردەوە و ڕوونکردنەوەی پێویستی بە بەشدارانی کۆنفڕانس دا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆنفڕانسەکەدا کۆمیتەی گشتیی حیزب بە نیشانەی ڕێزگرتن لە کەمئەندامانی سەنگەری بەربەرەکانێی خەباتی نەتەوایەتیمان، چەپکەگوڵی ڕێز و وەفای پێشکەش بە شەھیدی زیندووی حیزب ماموستا "مەلا حەسەن شیوەسەڵی" و باقیی کەمئەندامانی بەشداری کۆنفڕانس کرد کە تا ئێستا بە وەفادارییەوە لە تێکۆشان و فیداکاری بۆ حیزبەکەیان بەردەوامن.

هاوکات کۆمیتەی گشتی بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێشکەش بە "فارووق دەروێشی" کرد کە لەو ماوەیەدا لە کاروبارە تێکنیکی و هونەرییەکانی کۆمیتەدا بەوپەڕی دلسۆزییەوە یارمەتیدەر بووە و تێکۆشاوە.

لە بەشی دووەمی کاری کۆنفڕانسدا ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید لەلایەن "مەولوود عەبدیلزادەوە" بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا، هەروەها ڕاپۆرتی بەشی ماڵیی کۆمیتەی حیزب لەلایەن "ئەبوبەکر ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی ماڵیی حیزبەوە پێشکەش کرا.

دواتر بەشداربووان ڕەخنە و پێشنیاری خۆیان هینایە بەر باس کە لەلایەن ئۆرگانە پێوەندیدارەکانەوە وەڵامیان درایەوە.

دوابەشی کاری کۆنفڕانسیش تەرخان کرابوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب بۆ دوو ساڵی داهاتوو. لەو بەشەدا نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن "فەرزاد جەلوەزان" چەند ڕوونکردنەوە و ڕێنماییەکی سەبارەت بە چۆنیەتیی کارەکانی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن و دەنگدان پێشکەش بە بەشداران کرد و دواتریش بە شێوەیەکی دێموکراتیک پرۆسەی دەنگدان دەستی پێ کرد و دەرەنجام پاش جیاکردنەوەی دەنگەکان کە لە یەکەم قۆناغی دەنگدان توانرا ڕێژەی تەواو بۆ بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب دەنگی متمانەی بەشدارانی کۆنفڕانس بەدەست بێنن و لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆشیاندا کۆمیتەی نوێ هەڵبژێردراو ''ئەبوبەکر ڕەحمانی'' وەک بەرپرسی نوێی کۆمیتە هەڵبژێردرا.