کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو

17:12 - 22 سەرماوەز 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس لە "هۆرگنی" سەر بە شاری "زوریخ" بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی حیزب و بە بەشداریی بەرچاوی ژنانی ئەندام و هەروەها بە ئامادەبوون و بەرپرسایەتیی "شاریار نەقشبەندی" بەرپرسی هەرێمی ئورووپای ناوەندی ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە ئورووپا و بە چاودێریی "ڕەزا فەتحوڵڵانژاد" نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "شاریار نەقشبەندی" باسێکی کورتی لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە و ئێران و ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پەیوەندییەدا پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرینگیی چالاکبوونی ئەندامانی حیزب بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکەی لەم قۆناغەی ئێستای خەبات دەکەوێتە سەرشانیان، کردەوە.

لە بەشی دواتردا، "ڕەزا فەتحوڵڵانژاد" لەسەر سیستمی نوێی حیزب، بەتایبەت لەسەر هۆکارە پێویستەکانی هەبوونی دەزگای هەڵبژاردن و هەروەها ڕێکار و پێوانەکانی هەڵبژاردن بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمیتە حیزبییەکان لەم سیستمە نوێیەدا بە کورتی بۆ بەشداران دوا.

"ئەنوەر بەردیا" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سویس ڕاپۆرتی کۆمیتەی بە وردی خستە ڕوو کە تێیدا تیشکی خستبووە سەر چالاکییەکانی کۆمیتە لە بواری ماڵی و تەشکیلاتییەوە. ناوبراو ستایشی هەموو ئەو ئەندامانەی کرد کە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان یارمەتیدەری کۆمیتە بوون.  

لە بەشی دواتر، کۆنفڕانس بە ناوی "کۆنفڕانسی ڕاسانی تاراوگە" ناودێر کرا.

هەروەها لە بەشی پاشتردا، ئەندامانی بەشدار لە کۆنفڕانس ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان خستە بەرباس کە بەشێکیان لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە وڵام درانەوە و بەشێک لە ڕەخنە و پێشنیارەکان بۆ گەیاندنی بە ناوەندی بڕیاری حیزبی بە وردی تۆمار کران.

پاش پەسندکردنی ڕاپۆرتی کۆمیتە بە تێکڕایی، ڕێز لە ژمارەیەک لەو ئەندامانە گیرا کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زۆر چالاکانە یارمەتیدەری ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی کۆمیتەی پێشووی حیزب لە وڵاتی سویس بوون.

دوابەشی کاری کۆنفڕانسیش تەرخان کرابوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب بۆ دوو ساڵی داهاتوو. پاش ئەوەی بە شێوەیەکی دێموکراتیک و بەپێی پرەنسیپە پەسندکراوەکان پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەندامانی کۆمیتەی نوێ بەڕێوە چوو و ژمارەی پێویست دەنگی متمانەیان بەدەست هێنا.

لە دوابڕگەی کاری کۆنفرانسدا، بەرپرسی نوێی کۆمیتە هەڵبژێردرا.