کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

12:45 - 8 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧/١١/٢٠٢١ کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانس لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتبوو، بەشی یەکەم لەلایەن "عەباس نامی" و "نادر قودرەتی" بەڕێوە چوو کە بە شێوەی خوارەوە بوو:

دەستپێکی کۆنفڕانس سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لەلایەن هونەرمەند "سامڕەند ئەلیاسی" پێشکەش کرا.

دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل ڕاگەیەندرا.

پاشان بە وەرگرتنی دەنگی مەشروعییەت، کۆنفڕانس پێی نایە یەکەم بڕگەی سەرەکی کە کردنەوەی کۆنفڕانس بوو لەلایەن "قادر ئەلیاسی".

دوکتور"میرۆ عەلیار" جێگری ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات بە شێوەی ئانلاین بەشداری کۆنفڕانس بوو و وتارێکی دەوڵەمەندی سیاسیی پێشکەشی کۆنفڕانس کرد.

لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچە و شوێندانەرییان لەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەروەها قەیرانە فرەچەشنەکانی نێوخۆی ئێران و ناکۆکییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و دونیای دەرەوە، کە ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەرکردنی هیچ کام لەو قەیرانانە بەرنامەیەکی تۆکمەی نییە.

دوکتور میرۆ باسی لەوە کرد کە نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو و پرش و بڵاویی ئۆپوزیسیون، بە‌هێزترین خاڵی ڕێژیمی ئیسلامی لە بەرانبەر خەڵکی ناڕازییە و هاوکات بە لاوازترین خاڵی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵک دێتە ئەژمار.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و ڕەوتی لێک نزیک بوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لەلایەک و بەرەوپێشچوونی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانی ئێران پێویستییەکی مێژووییە کە گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان بە یەکگرتوویی و یەکوتارییەوە بەرەوپیری پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانەوە بچن.

دوکتور میرۆ هەر لەو چوارچێوەیەشدا یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی بە پەیامێکی بەهێز و کاریگەر زانی.

پاشان "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی یەکەی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات، چەند وتەیەکی  لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە پێشکەش کرد و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ڕەوتی وتووێژەکانی یەک گرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات و وتی کە وتووێژەکان هەنگاوی باشیان بڕیوە و بە شێوەیەکی هیوابەخش بەرەوپێش دەچن.

دواتر ڕاپۆرتی کار و تێکۆشانی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە "عەباس نامی" پێشکەش بە کۆنفڕانس کرا.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتی، هەر کام لە ئەندامانی کۆمیتە وتەی خۆیان پێشکەش کرد.

بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنفڕانس بریتی بوو لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دارایی کۆمیتەی گشتی کە لەلایەن بەرپرسی بەشی ماڵی "جەمیل ئەحمەدی" بە شێوەیەکی ڕوون خرایە بەر چاوی بەشدارانی کۆنفڕانس.

پاشان بەشێک لە بەشدارانی کۆنفڕانس پرسیار، پێشنیار و بۆچونەکانی خۆیان ڕوو بە کۆمیتەی گشتی و ڕێکخستنی حیزب هێنایە بەر باس کە لەلایەن "کاوە عەبداڵی" و کاک "عەباس نامی" وڵامی پرسیار و تێبینییەکان درایەوە و دواتر ڕاپۆرتی گشتی لەلایەن بەشدارانی کۆنفڕانسەوە پەسند کرا.

جێگای ئاماژەیە هونەرمەندان کاک "قادر ئەلیاسی"، "سامڕەند ئەلیاسی" و "شێرکۆ مەریوانی" چەند بەرهەمی هونەرییان لە چەند بڕگەیەکی نێوان بەرنامەکاندا پێشکەش کرد.

بەشی دووەمی کاری کۆنفڕانس بەشی دەنگدان و هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی نوێ بۆ کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بوو کە ئەو بەشە لەلایەن "پەری ڕەشیدیان" نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

دواتر دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی هەڵبژێردراو کۆبونەوەیەکیان پێک ھێنا و بەرپرسی کۆمیتەیان دیاری کرد.