کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سوسیالیستی سوئیس بە بەشداری حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

11:05 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سوسیالیستی سویسدا بەشداری کرد.

ڕۆژانی شەممە و یەکشەمە ڕێکەوت١٠ و ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی خاتوو "مریەم سەفەری"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئیس، "ڕامیار خادەمی" جێگری بەرپرسی پێوەندییەکان و "لوقمان ماماڵ نەژاد" ئەندامی حیزبی دێموکرات، بەشدارییان لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سوسیالیستی سویسدا کرد.

لە دوای پێشکەشکردنی وتارەکان، "کریستیان لێڤرات" بۆ پێنجەمین جار بۆ سەرۆکایەتی پارتی سوسیالیست هەڵبژێردرا. شایەنی باسە کە لێڤرات ماوەی دە ساڵە سەرۆکی ئەو حیزبەیە.

پاش بڕگەی یەکەمی کۆنگرەکە كە چەندین وتاری بەرپرسانی ئەو حیزبەی لەخۆ گرتبوو، کۆبوونەوەیەک بۆ میوانانی نێودەوڵەتی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی پارتی سوسیالیست ڕێکخرابوو کە نوێنەرانی چەندین ڕێکخراوە و حیزبەکان بەشدار بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا مریەم سەفەری، نوێنەری حیزبی دێموکرات باسێکی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەشکەنجە و ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی و کوشتنی کۆڵبەران پێشکەش بە بەشداران کرد.

هەروەها لە درێژەی باسەکاندا "ڕامیار خادەمی" لە وتەیەکدا ئاماژەی بە تێرۆریست بوونی کۆماری ئیسلامی و مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.

خادەمی هەروەها باسی کێشە ئابوورییەکانی ڕێژیم لە کوردستان و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و یەک لەوان ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان و پشت گوێخستنی گۆلی ورمێ کرد کە بە هۆی کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران بەرەو لە ناوچوون دەڕوات.
ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە کە تایبەت بوو بە بەرنامەی ئەو حیزبە کە لەو نێوەدا خاتوو "سیمۆنێتا سامارووگا" ئەندامی مەجلیسی فیدڕاڵی سویس وتارێکی پێشکەش کرد.

سامارووگا لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی پەناخوازانی وڵاتی سویس کرد. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لەسەر یەکسانیی مافی ژن و پیاو و یەکسانی مووچەی هەر دوو ڕەگەز کرد.

شاندی حیزبی دێموکرات لە میانەی ئەو دوو ڕۆژەی کۆنگرەی پارتی سوسیالیستدا کە دووھەمین پارتی گەورەی سویسە، چاوی بە بەرپرسانی پلە بەرزی ئەو پارتە و کۆمەڵێک کەسایەتی دیکەی سویسی كەوت.