کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئەمریکا گەڵاڵەیەکی لەدژی کۆماری ئیسلامی پەسند کرد

14:29 - 15 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: یاسای ڕوون بوونەوەی کاروباری ماڵیی تیرۆریستیی ئێران، قانون شفافیت امور مالی تروریستی ایران، بە ٢٤٦ دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر ١٨١ دەنگی نەرێنی لە کۆنگرەی ئەمریکادا پەسند کرا.

بەپێی ئەم یاسا نوێیە، کۆمەڵێک مەرج بۆ چوونەدەری دامەزراوە ماڵییەکانی ئێران لە لیستی ئێس دی ئێن ،لیستەی کەسانی تەحریم کراو لە لایەن ئەمریکا، دادەنێت؛ بۆ وێنە لە بەندی یەکەمی‏دا هاتووە؛ سەرکۆماری ئەمریکا ناتوانێ تا ئەو کاتەی کە پێشمەرجەکانی بەندی سێهەم نەهاتبێتە ئاراوە، دامەزراوە ماڵییەکان لە لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکا بسڕێتەوە.

مەبەست لە پێشکەش کردن و پەسند کردنی یاسای ئاماژەبۆکراو، کورت کردنەوەی دەستی دەوڵەتی واشنگتۆن لەمەڕ لابردنی بە لێشاو و هەڕەمەکیی گەمارۆکانی سەر ئێرانە، کە لە پاش ڕێککەوتنی ڤییەن لە لایەن کابینەی ئۆباماوە کاری بۆ کرا.

کۆشکی سپی لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە؛ ئەم یاسایە دەتوانێ ببێتە لەمپەڕ لە بەردەم جێبەجێ بوونی بەرجام‏دا، بۆیە ئەگەر تەنانەت هەر دوو مەجلیسیش پەسندی بکەن، لە لایەن ئۆباماوە وێتۆ دەکرێت.