کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی شەهیدانی میکۆنووس لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوە چوو

17:50 - 23 خەرمانان 2720

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەبۆنەی ‌بیست‌وهەشتەمین ساڵڕۆژی تێرۆری شه‌هید دوکتور "سادق شه‌ره‌فکه‌ندی" و هاوڕێیانی، له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ‌وڵاتی بێلژیک، کۆڕیادێک بەڕێوە چوو.

کۆڕیادی تایبەت بە بەشداریی نوێنەری هێز و لایەنە کوردستانییەکان و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

کۆڕیادەکە به سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی "ئه‌ی ڕه‌قیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی میکۆنووس ده‌ستی پێکرد.

سەرەتا "دارا ناتق" ئاماژەی بە ڕۆڵی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" لە دوای شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو"دا کرد و وتی: "دوکتور شەرەفکەندی کەسایەتییەکی شوێندانەر و هەڵکەوتوو بوو. تیژبیر، هزرڕوون و پێشکەوتنخواز بوو. مرۆڤێکی بەهەڵوێست، پڕکار، وردبین و ماندوونەناس بوو. ئەو تایبەتمەندییانە وایکردبوو کە لە بەرپرسایەتیی سکرتێری حیزبی دێموکراتدا تواناکانی زیاتر دەربکەوێت و پڕکاری، شێلگیری و جیددیبوونی ببێت بە وێردی زمانی هەموو ئەو کەسانەی دەیانناسی و لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ دەکرد. ئەگەرچی نەبوونی دوکتور قاسملوو لە حیزبی دێموکراتدا دیار بوو بەڵام لێهاتوویی، بەرپرسیاریەتی و نەزەم و دیسیپلینی ناوبراو لە کاروباری حیزبیدا جێگای دکتور قاسملووی بە مانای واقعی پڕ کردبووەوە".

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن "بەها ئیبراهیمی" بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا و ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دوکتور "سادق شەرەفکەندی" یەکێک لە بەوەجترین و شارەزاترین ڕێبەرانی نێو بزووتنەوەی میللی- دێموکراتیکی گەلەکەمان بوو کە بە حەق دەبێ بڵێین کە قوتابییەکی لێوەشاوە و یارێکی وەفاداری د. قاسملووی نەمر بوو.

دواتر "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزب لە پارلمانی ئورووپا باسێکی سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی دوکتور "سادقی شەرەفکەندی" پێشکەش کرد و وتی: "ئەوەی لە یادی ٢٨ ساڵەی تێرۆری شەهیدانی میکۆنووسدا گرینگە، ئاوڕدانەوە لە میراتێکە کە دوکتور سادق بەخشیویەتی بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. یەکێک لە گرینگترینی ئەو میراتانە پێبەندبوون بە گوتاری نیشتمانی- دێموکراتیکی کوردستانییان، بەهێزکردنی سیاسەت و بەردەوامیی ئەو خەونە گەورانەی کە کوردستانییان بەدواداچوونی دەکەن، بەهێزگرتن و بەگەورەیی ڕاگرتنی حیزبی دێموکرات و لە کۆتاییدا بەردەوامیی هێڵی ڕابوونی کوردستانییان بەرانبەر بە داگیرکەرە".

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تایبەتمەندییانە وا دەکات کە پانتایی سیاسەت و خەبات بە ئاراستەیەکدا بەردەوام بێت کە تێیدا دۆزیی کورد لە خۆرهەڵات کاریگەربوون و شوێندانەری لە سیاسەت لە ئێران و کوردستاندا وەک خۆی بهێڵێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕیادەکەدا، "کاوه ئاهه‌نگه‌ری" وێڕای به‌رزنرخاندنی یاد و ناوی شه‌هیدانی میکۆنووس، باسێکی لهژێر ناوی ''له پێرلاشیزه‌وه هەتا ئازادی'' پێشکه‌ش کرد. له‌و باسه‌دا ئاهه‌نگه‌ری وێڕای گه‌ڕانه‌وه و ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ی بۆ کاره‌ساته‌ی میکۆنووس و دوای میکۆنووس، په‌رژایه سه‌ر چه‌مک و مانای ئازادی که به‌هێزترین تۆڵه‌یه بۆ شه‌هیدانی میکۆنووس و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان.

هەر لەم کۆڕیادەدا پەیامی "پارتی سوسیالیستی کوردستان" لەلایەن "مەتینـ"ـەوە خوێندرایەوە. لە بەشی کۆتایی ئەم کۆڕیادەدا هاوڕێیانی بەشدار پرسیار و بۆچوونی خۆیان پێشکەش بە کۆڕگێڕان کرد.