کوردستان میدیا: کۆڕیادێک بۆ شەهیدی فەرماندە، شەهید "سامان حەسەنپوور،" ناسراو بە "سامان شیوەسەڵی" لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
بۆ ڕێز گرتن لە شەهید "سامان حەسەنپوور" ناسراو بە "سامان شیوەسەڵی"، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆڕیادێكی لە شاری ستۆکهۆڵم پێک هێنا.
سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی " نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
لەو کۆڕەدا بەشێکی بەرچاو لە کوردانی هەرچوار بەشی کوردستان، نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بنەماڵەی شەهید سامان واتا کاک مەلا "حەسەن شیوەسەڵی" ئامادە بوون.
لەو ڕێوڕەسمەدا سەرەتا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سوید، لە لایەن "کاکەبرا ئەلیاسیـ"ـیـەوە پێشکەش کرا.
ناوبراو لە بەشێكی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد، کە چەند ساڵ لەوە پێش کاتێک "حدکا" بڕیاری ڕاسانی دا، زۆر کەس بە خەون و خەیاڵیان دەزانی، بەڵام زۆر زوو دەرکەوت کە ڕاسان خاڵی وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە مێژووی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
ئەلیاسی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد، لە کاتێکدا یادی یەکێکی دیکە لە شەهیدانی ڕاسان دەکەینەوە، کە ڕێژیمی کۆماری پەت و سێدارە لە هەمیشە زیاتر لاوازە و ڕاسان بووەتە جێگای هیوای و ئومێد بۆ سەرجەم گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، ناوبراو وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕۆحی شەهید سامان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان، داوای لە هەموو لایەنەکان لە ڕۆژهەڵات کرد، کە دەست لەنێو دەست نێن بۆ ئەوەی ڕاسان هەر لە بواری چەکداریدا نەمێنێتەوە و بتوانێ شانبەشانی گەلانی دیکەی ئێران تۆماری ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکەوە پێچێ و بیخاتە نێو زبڵدانی مێژووەوە".
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا ژیاننامەی شەهید سامان شیوەسەڵی، لە لایەن "ساڵح پاڵانیـ"ـیـەوە خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا کاک "مەلا حەسەن شیوەسەڵی" مامی شەهید سامان وەک بنەماڵەی شەهید، وتارێکی پڕنێوەڕۆک و تێروتەسەلی پێشکەش کرد.
کاک مەلا حەسەن لە قسەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی بنەماڵەی شەهید سامان کرد، کە هەر لە زەمانی کۆماری کوردستانەوە تێکەڵ بە شۆڕش و پێشمەرگایەتی بوون و شەهید سامان بە وانەی شۆڕشگێڕی و نیشتیمانپەروەرییەوە گۆچ دراوە.
مامۆستا لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە زۆر پێشمەرگەی قارەمان کرد، کە لە پێناو ڕزگاریی میللەتەکەیاندا گیانی سەربەرزانەیان بەخشی. شیوەسەڵی لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەیدا باسی ئەخلاقی بەرز و شۆڕشگێرانەی پێشمەرگەی کوردستانی کرد، کە چۆن لە کاتی شەڕ لەگەڵ دیلەکاندا ڕەفتاریان کردووە.
مامۆستا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سپاسی و پێزانینی بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد، خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، لە باشووری کوردستان، بۆ ڕێبەری حیزب و هەروەها بۆ خەڵکی کوردی تاراوگەنشین دەربڕی، کە لە ئەو ماوەیەدا چ بە گرتنی کۆڕ و ڕێزگرتن لە شەهید سامان پەیام و تەلەفۆنەوە پێوەندییان پێوە گرتووە. مامۆستا لە بەشی ئاخری قسەکانیدا هیوای خواست کە هاوکاریی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد پێک بهێنن، هەروەها ڕووی لە کۆڕ و کۆمەڵە نیونەتەوەیییەکان کرد، کە یارمەتیی گەلانی ژێردەستە یەکێک لەوان نەتەوەی کورد بدەن، بۆ دامەزراندنی نیزامیکی عادڵانە و دادپەروەرانە لە جیهان و ناوچەدا تێ بکۆشن.
لەو کۆڕیادەدا کاک مەلا "محەممەد جوانڕۆیی" کەسایەتیی شۆڕشگێڕی نێو بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان پەیامێکی پێشکەش بە بەشداران کرد.
هاوکات پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمیی هاوڕییانی پێشوو لەو کۆڕەدا لە لایەن "سیاوەش قەویپەنجە"وە خوێندرایەوە.
چەندین پەیام بە بۆنەی ئەو کۆڕیادە بەڕێ کرابوون کە بریتین لە:
ـ پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ پەیامی پارتی ئازادیی کوردستان
ـ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە سوید
ـ پەیامی فێراکسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید
ـ پەیامی کۆمیتەی "حدکا" له ئاڵمان
ـ پەیامی سازمانی دێموکراتیکی یارسان
ـ پەیامی یەکییەتییەکانی ژنان، لاوان و کوردان لە سوید.