کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی "میکۆنووس" لە "بریتانیا" بەڕێوە چوو

12:42 - 23 خەرمانان 2721

لە ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێانیدا، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "بریتانیا" لە شاری "بیرمیێنگهام"، بەشێوەی ئانلاین کۆڕیادێکی بە بەشداریی "عەبدوڵڵا حیجاب" بەڕێوە برد.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان بە تایبەت دوکتور "سەعید" دەستی پێ کرد.

 پاشان "فەرید دەیھیم" بەرپرسی کۆمیتەی "بریتانیا" کورتەیەکی لە ژیان و بەسەرهاتی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" خوێندەوە.

دواتر "عەبدوڵڵا حیجاب" لەسەر کەسایەتی دوکتور "سادق" بۆ ئامادەبووانی ئەو کۆڕیادە قسەی کرد.

"حیجاب" لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێبەری شەهیدمان" دوکتور "سەعید" کرد و  لەسەر شێوەی سیاسەت لە حیزبی دێموکرات و ھەروەها پشتیوانیی دوکتور "شەرەفکەندی" لە دوکتور "قاسملوو" بۆ بەڕێوەبەریی سیاسەتی حەکیمانەی قسەی بۆ بەشداربووان کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە دوکتور "سەعید" ڕێبەرێکی نەتەوەیی بوو و لەھەمان کاتیشدا بەکردەیی ھەوڵی دەدا. هەروەها  سەرەڕای ئەوەی لە شاری "تاران" مامۆستای زانکۆ بوو، ژیانی شۆڕشگێڕانەی لەگەڵ پێشمەرگەکان لە شاخەکانی کوردستان هەڵبژارد.