کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک بۆ یادی شەهیدانی "میکۆنووس" لەلایەن یەکیەتی لاوان لە وڵاتی "نۆروێژ" بەڕێوە چوو

12:20 - 29 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی "نۆڕوێژ" بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دکتور"سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی بە بەشداری ئەندامانی حیزب کۆریادێکی بە کۆڕگێڕیی "ئیبراهیم لاجانی" و "قادر ئەلیاسی" پێک هێنا.

دەستپێکی کۆڕیادەکە بە سردووی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕووحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کورد و کوردستان بەتایبەت شەهیدانی "میکۆنووس" دەستی پێکرد.

دواتر لەلایەن پێشکەشکارانی کۆڕیادەکە "سیامەند حەسەن نژاد" و "موژدە چاوشینیـ"ــیەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان بە گشتی و لەنێویاندا وەڤدی "پارتی دیموکراتی کوردستان" کرا.

پاشان یەکێک لە پەخشانەکانی شاعیری گەلەکەمان "شێرکۆ بێکەس" کە تایبەت بۆ شەهیدانی "میکۆنووس" نوسراوە، لەلایەن "موژدە چاوشینیـ"وە خوێندرایەوە.

هەروەها پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی "نۆروێژ" لەلایەن "ئیسماعیل عەلیپوور" و پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن بەرپرسی ڕێکخراوی لاوان لە دەرەوەی وڵات، "ڕامیار ئەحمەدی" پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا گرووپی سروودی یەکیەتیی لاوان، سروودێکیان لەژێر ناوی "ئەی شەهیدان" پێشکەش بە ڕووحی شەهیدانی نەمر کرد.

دواتر "قادر ئەلیاسی" سەبارەت بە دکتور "سادق شەرەفکەندی"،چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی ڕۆڵی گەورەی نەمر "شەرەفکەندیـ"ـیان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بە گشتی و ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات بە تایبەتی کرد و لە دوای وتەکانیان مەقامێکیان پێشکەش بە ڕووحی شەهیدانی "میکۆنووس" کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆریادەکەدا شێعرێک لەلایەن "سیامەند حەسەن نژاد " پێشکەش بە ڕووحی شەهیدانی "میکۆنووس" کرا.

لە کۆتایی کۆڕیادەکەدا "ئیبراهیم لاجانی"، باسێکی پڕ ناوەرۆک و گشتگیریان لەسەر ژیان و خەباتی دوکتور "شەرەفکەندی"، پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

 لە وتارەکەیاندا ئاماژەیان بە کۆمەلێک خاڵی بەهێزی دکتور "سادق" لە ڕاپەڕاندنی کاروباری حیزبی و بەرپرسایەتی و شێوازی بەڕێوەبەری کرد.

"لاجانی" لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەیان بە وانەکانی شەهیدی ڕێبەر لە پێوەندی بە ڕۆڵی لاوان وەک نەوەی دواڕۆژ و توێژێکی کاریگەر بۆ خەباتی لەبن نەهاتووی گەلەکەمان کرد و جارێکی دیکە وەبیریان هێناینەوە کە ئێمە وەکوو توێژی لاو دەبێ کەڵک لەوانەی ڕێبەرەکانمان وەربگرین و درێژەدەری خەباتی ڕەوای ئەوان بین و وتە و وانەکانییان بکەینە ڕووناکیدەری ڕێگای خەباتمان هەتا گەیشتن بە ئامانجی گەلەکەمان.