کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک بۆ یادی ٣٣ـهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە دانمارک بەڕێوە چوو

13:08 - 27 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی "میت یوولەند"، کۆڕیادێکی بۆ یادی ٣٣ـهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی" بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی حیزب و هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری "هورسێنس" بەڕێوە برد.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی ڤییەن دەستی پێ کرد.

لە نێوئاخنی بەرنامەکە دوو کورتە پەخشان لەلایەن "فاخر مەولوودیـ"ـیەوە خوێندرانەوە.

بەشی دووەمی کوڕیادەکە تەرخان کرابوو بۆ دوکتور "هەژار ڕەحیمی" مامۆستای زانکۆ لە هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگای زوومەوە بەشدار بوو.

ناوبراو بە گشتی پەرژایە سەر ڕۆڵ و کەسایەتیی بەرزی دوکتور قاسملوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد.

ناوبراو بە هێنانی چەندین فاکت و نموونە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان کە لە نزیکەوە لەگەڵ دوکتور قاسملوو بوون و لە ڕێگای دوکتور قاسملووەوە بوون بە دەنگی کوردی زوڵملێکراو لە دەرەوە.

ئەخلاق لە سیاسەتدا لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووی ڕێبەرەوە یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی دیکەی باسی دوکتور "هەژار ڕەحیمی" بوو کە ناوبراو بە وردی باسی لێ کرد.

دوکتور "هەژار" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی  بەوە کرد کە دوای پرۆسەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات هەوڵ بدرێت دۆسیەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی وەگەڕ بخرێتەوە.

لە کۆتاییدا بەشدارانی کۆڕیادەکە بە پرسیار و تێبینیی خۆیان باسەکەیان درێژە پێ دا و لەلایەن دوکتور "هەژار ڕەحیمی" وڵام درانەوە.

چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامیان بۆ ئەو کۆڕیادە ناردبوو کە بریتین لە:

ـ پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات

ـ پەیامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ـ پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریە

ـ پەیامی پارتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە

ـ پەیامی حیزبی لیستی هاوپەیمانی دانمارک