کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە سوید بەڕێوە چوو

11:41 - 19 پووشپەڕ 2722

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی ناوەندی یەکیەتیی کوردان و یەکیەتیی ژنان و لاوان  کۆڕیادێک بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە وڵاتی سوید بەڕێوە برد.

سەرەتای سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی  ئەی ڕەقیب  و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل  دەستی پێ کرد.

پاشان پێشکەش کاری کۆڕیادەکە " ئاوارە جەلالی "دەستی بە بەرنامەکانی خۆی کرد و "عەلی عەزیزی" بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب لە ستۆکهۆڵم  بەخێرهاتنی بەشداربووانی سیمینارەکەی کرد.

دواتر "ئەبووبەکرد ڕەحمانی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید پەیامی کۆمیتەی خوێندەوە.

پاشان" حەسەن حاتەمی" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید پەیامێکی پڕ لە سۆزی پێشکەش کرد. 

پاشان پەیامی یەکیەتییەکانی کوردان، ژنان ،لاوان لەلایەن ”کۆیسی” بەرپرسی ناوەندی کوردان لە سوید  خوێندرایەوە.

پارچە شێعری پێشمەرگەیەک لەلایەن ئاوارە جەلالی خوێندرایەوە.

لە درێژەی سیمینارەکەدا  "ئیسمائیل کامیل" سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات  پەیامێکی پڕ لە سۆز و ئیدانەکردنی  تێرۆری دوکتور قاسملووی مەزن و هاوڕێیانی دیسان ڕێژیمی ئێرانی بە تێرۆریست ناودێر کرد و مەحکوومی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ حیزبی دێموکرات و بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خواست.

هەروەها پەیامێک لەلایەن "ناسر بولیدەیی" سکرتێری گشتیی حیزبی گەلی بەلووچستان  پێشکەش کرا.

لەو پەیامەدا وێرای سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات و باسی لە گەورەیی دوکتور قاسملوی نەمر کرد و ژیان و خەباتی سیاسیی شەهیدی مەزنی بەرز نرخاند. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی هەر دو دێموکرات دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خواست.

لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا داوا کرا لە" کاوە ئەهەنگەری" چالاکوانی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسەکەی پێشکەش بکات.

کاوە ئاهەنگەری وێرای ڕێزگرتن لە شەهیدانی گەورەی گەلەکەمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر باسێکی  لەژێر ناوی "داهاتووی کوردستان لە ژینۆپۆلیتیکی زاگرۆسدا " بە وردی و بە شێوەی ئاکادیمی، زانستی مێژوویی لە بواری جوغرافی  کرد.

ناوبرا باسی سیاسەت و پێشبینیکردنی ڕەفتاری سیاسیی نێوان دەوڵەتەکان لە ڕێگای فاکتەری ئەسڵی شوێندانەری لە گۆڕانکاری لە جوغرافیاکاندا و باسی لەسەر توێژینەوەی ناوچەیی و کەش و هەوا، تۆپۆگرافی، دێمۆگرافی، سەرچاوە سروشتیەکان و چەندین باسی دیکە بە شێوەی جوان و زانستیانە بۆ بەشداربووان روون کردەوە.

بەدوای ئەودا "عەزیز مورادپەراست" پارچە هەڵبەستێکی پێشکەش کرد.

لە دوا بەشی سیمینارەکەدا "ئیبراهیم لاجانی” باسێکی پوخت و جوانی  لەسەر خەبات و تێکۆشانی دوکتور قاسملووی مەزن لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

لاجانی دوای باسی چەندین چالاکی و کاری سیاسیی دوکتور قاسملووی نەمر وتی؛ لە ڕۆژە ئەستەمەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوە ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوکتور قاسملو هاتە مەیدانی سیاسەت و نەفەسی دا بە حیزبی دێموکرات و ئەو حیزبەی زیندوو کردەوە و حیزبی لە نەمان رزگار کرد و ناسیونالیستی کوردی خستە ڕێگایەکی دروست.

ناوبراو دوکتور قاسملوی بە فیلسووفێکی خەباتگێر و فیلسووفێکی پێشمەرگە  ناو برد.

ناوبراو ئەکادیمیانە باسی خەبات و تێکۆشانی شەهیدی گەورەمانی کرد.