کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێک لە واشنتۆن لەسەر پرسی کورد لە ئێراندا بەڕێوە چوو

12:15 - 10 رەشەمه 2719

ئەنستیتۆی کوردی واشنتۆن کۆڕێکی لەسەر کوردی ئێران لەو شارەدا بە بەشداریی لێکۆڵەر و سیاسەتوان و کەسایەتیگەلی کورد و ئامریکایی بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی ڕەشەمە، ئەنستیتۆی کوردی واشنتۆن کۆڕێکی لەسەر کوردی ئێران لەو شارەدا بە بەشداریی لێکۆڵەر و سیاسەتوان و کەسایەتیگەلی کورد و ئامریکایی بەڕێوە برد.

 لەو کۆڕەدا نوێنەرانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئامریکا چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و پاشان وڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتەکانی خۆیدا، بارودۆخی ئێران و کوردستانی شی کردەوە و پاشان چاوەڕوانییەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی بەنیسبەت سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا خستە ڕوو.

"ئارش ساڵح" وتی کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چەندین قەیرانی گرینگ بەرەوڕوو بووەتەوە، ئێستا دۆخی ئابووری لە خراپترین ئاستی خۆیدایە و خەڵک پێیان وایە کە بەرپرسی یەکەمی ئەم کێشانە کۆماری ئیسلامی و گەندەڵیی نێو سیستەمەکەیە.

 هەروەها ناوبراو وتی، ئاستی متمانەی خەڵک بە بەرپرسان لە ئێراندا بە شێوەیەکی بێوێنە دابەزیوە و خەڵک باوەڕ بە هیچ قسەیەکی دەسەڵات ناکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی باسەکە بوو کە نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان لەو دانیشتنەدا بە شێوەیەکی هاودەنگ ڕایانگەیاند کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خاڵێکی گرینگە لە پانتایی سیاسی لە کوردستانی ئێران و هەموو ئەو حیزبانە هەوڵ دەدەن کە پێکەوە یەکدەنگ بن و ببنە خاوەنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش.

نوێنەری حیزب لەم پەیوەندییەدا وتی، ئەم ناوەندە دەتوانێت ببێت بە بنەمایەک بۆ سیستەمێکی کارامە لە داهاتوودا کە پارێزەری ئاسایش و ئارامیی کوردستانی ئێران بێت.

لە درێژەدا "ئارش ساڵح" زیادی کرد، لە بەرژەوەندیی ئامریکادایە کە بە گوێگرتن لە حیزبە کوردییەکان دەلاقەیەکی نوێ بەنسیبەت ئێران بۆ خۆی بکاتەوە.

نوێنەری حیزب وتی، پەیوەندیی ئامریکاییەکان لەگەڵ کوردەکانی ئێران، دەتوانێت ببێتە هۆی تێگەیشتنی باشتر بۆ ئامریکاییەکان لە دۆخی ئێران و هەروەها هێزێکی زیاتر دەبەخشێت بە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لە ناوچەکەدا.

لە درێژەدا "سەلاح بایەزیدی" و "کامران باڵنوور"، لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسیی کوردستان وتاری خۆیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و لە درێژەدا ئامادەبووان پرسیارەکانی خۆیانیان ئاراستە کرد.