کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی گرینگیدان بە پێگەیاندن لە بلژیک بەڕێوە چوو

11:23 - 19 رەزبەر 2721

بەشی ڕێکخستنی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک بۆ زانیاری و پێگەیاندنی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر بەشی رێکخستنی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی زانیاری و گرینگیدان بە بواری پێگەیاندنی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە  وڵاتی بلژیک کۆڕێکی بۆ بەڕێز کاک "عەلی نیکڕەوش" چالاکی سیاسی و تێکۆشەری بواری مافەکانی مرۆڤ و ئەندامی چالاکی بیرۆی کورد لە بلژیک، لە ڕێگای تۆڕی زووم بەڕێوە برد.

 سەرەتای کۆڕەکە لەلایەن بەڕێوەبەری کۆڕ "هەژیر نادری" بەرپرسی گشتیی ڕێکخستنی کۆمیتەی حیزب لە بلژیک وێڕای بەخێرهاتنکردنی بەشداربووان سپاسی "عەلی نیکڕەوشـ"ـی  کرد بۆ بەڕێوەبردنی کۆڕەکە و کورتەیەک لە ژیان و بەسەرهاتی ناوبراوی بۆ بەشداربووان باس کرد.

"عەلی نیکڕوش" باسەکەی تەرخان کردبوو بۆ باسکردن لەسەر ئاپارتاید و هەڵاواردن لە سیستمە  ئاپارتایدەکان و بەتایبەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئایینی و زمانەوانییەکان.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە سیستمی ئاپارتایدی وڵاتی ئیسپانیا، فەرانسە، بریتانیا و تورکیە کرد  کە تا پێش شۆڕشی گەورەی فەرانسە چەندین نەتەوە لە فەرانسە دەژیان بەڵام ئێستە بە دەگمەن ماون یان لە وڵاتی ئیسپانیا کە چەندین نەتەوە ژیاون بەڵام ئێستا لەوێش بە کەمی ماون و خۆیان پێناسە دەکەن.

هەروەها باسی لەوە کرد کە دەوڵەتە ئاپارتایدەکان هەوڵ دەدەن کە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەنێوبەرن کە بەشێوەی جۆراوجۆر ئەو هەوڵانە بەڕێوە دەبەن بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک تورکیە بە ئاشکرا دەڵێن ئەوە وڵاتی تورکە وا نیشان دەدەن کە لەو وڵاتە تەنیا تورک دەژی.

لە وڵاتێکی وەک ئێران جیاواز لە تورکیە، لەوێ ناوی وڵاتەکەیان ناوە ئێران و دەیانهەوێ لەو ڕێگایەوە هەوڵ بدەن باقی نەتەوەکانی نێو جۆغرافیای ئێران بتوێننەوە بێ ئەوەیکە بە ئاشکرا بڵێن لەو وڵاتە تەنیا فارس دەژی؛ بەڵکوو بە فەرمیکردنی زمانی فارسی و ناونانی بو زمانی میللی و لە بواری پەروەردە و خوێندن و نووسین کە تەنیا بە فارسییە و باقی زمانەکانی دیکە لەبواری پەروەردەوە گرینگیی پێ نادرێ  .