کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆیە لە سێدارەدانی لاوانی کوردی لە ئێراندا مەحکووم کرد

16:21 - 12 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بە هاوکاریی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران و فیدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری کۆیە، خۆپیشاندانێک لەو شارە بە مەبەستی مەحکووم کردنی لە سێدارەدانی لاوانی کورد لە ئێراندا، بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ئەو خۆپیشاندانە لەبەر دەم بینای فرمانداریی شاری کۆیە دەستی پێ کرد و بە رێپێوان بەرەو فەلەکەی حاجی قادر، شەپۆلی ئیعدامی ئەم دوایی‌یانەی لاوانی کوردیان لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا مەحکووم کرد.
ئەو خۆپیشاندانە لە رێکەوتی ١٢ خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر جەلال ساڵحی سکرتێری فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران، پەیامی ئەو فیدراسیۆنەی پێشکەش کرد و پەرژایە سەر یەکگرتوویی و یەکـڕیزیی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ زیاتر مەحکووم کردنی لە سێدارەدانی لاوانی کورد لەو بەشەی کوردستاندا.
چیمەن رەفێق بەرپرسی فیدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری کۆیە لە پەیامێکدا هاودەردی خەڵکی شاری کۆیەی لەگەڵ بنەماڵەی ئیعدامکراوانی کورد لە کوردستانی ئێراندا دەربڕی و وەکوو کردەوەیەکی دژە مرۆیی مەحکوومی کرد.
خۆپیشاندانەکە بە خوێندنی سروودی \'\'ئەی شەهیدان\'\' لەلایەن غوڵام فاتێحی هونەرمەندی کوردەوە و وتنەوەی دروشمگەلێک وەکوو \'\'نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیان\'\' و \'\'ئەی کۆماری ئیسلامی، بە سێدارە نامێنی\'\'، کۆتایی پێ هات.