کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر مامۆستایان زیادی کرد

10:48 - 24 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دوابەدوای بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی مامۆستایان لە کوردستان و ئێران، گوشاری ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیم بۆ سەر چالاکانی فەرهەنگی و مامۆستایان زیادیان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕۆژی ڕابردوو و پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی مامۆستایان لە چەندین شاری کوردستان، ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیم کۆمەڵێک لە مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی ئەم شارانەیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سەقز، بە ناوی "ئەیووب جەوان‌پوور" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاندانی فەرهەنگییان بۆ بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان" ڕاگەیاندووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە پاش بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، لە لایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە هەڕەشە لێکراوە.

هەر هەمان رۆژ مامۆستایەکی کورد بە ناوی "ئەسکەندەر لوتفی" خەڵکی شاری مەریوان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتیی شاری مەریوان کرا و لەو ناوەندە حکوومەتییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا کوردە پاش مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان بە هۆی "هاندانی مامۆستایانی بۆ بەشداری کە مانگرتنی سەرتاسەری" بانگهێشتی ئیتلاعاتیی سپای پاسداران کراوە.

لە پاش بەڕێوەچوونی خولی یەکەمی مانگرتنی مامۆستایان لە مانگی رەزبەریشدا چەندین مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز بە ناوەکانی محەممەد ساڵح شەکەری، تاهیر قادرزادە، سلێمان عەبدی، سەید عەلی حوسێنی، ئەحمەد قادری، حەمید یەزدانی و خالید عەبدوڵلاهی بانگهێشتی ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕیژیم کران و تەنانەت مامۆستا ساڵح شەکەری دەسبەسەر و دواتر بە دانانی وەسیقە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم شەپۆلە نوێیە لە دەسبەسەر کردن و بانگهێشت لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش دەستی پێکردووە؛ محەممەدڕەزا ڕەمەزانزادە سەرۆکی شۆرای هاوئاهەنگی کانوونە سێنفییەکانی مامۆستایان، عەبدولڕەزا قەنبەری و عەباس واحێدیان چالاکانی سێنفی بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.

هەنووکە چەندین مامۆستا و چالاکی سێنفی مامۆستایان دەسبەسەر و لە زیندانەکانی ڕێژیمدان.