کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣٦٠ گوندی پارێزگای سنە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵیان نییە

19:08 - 5 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: زیاتر لەسەدا ٨٠ی گوندەکانی پارێزگای سنە شوێنی خڕکردنەوەی زبڵیان نییە و زبڵەکان بە شێوەیەکی ناتەندروست لە دەوروبەری گوندەکان فڕێ دەدرێت.


هەواڵدەریی فارس لە زاری جێگری تەکنیکیی ئیدارەی ژینگەپارێزیی پارێزگای سنەوە بڵاوی کردەوە، ئەو پارێزگایە زیاتر لە ١٧٠٠ گوندی هەیە کە زیاتر لەسەدا ٨٠یان هیچ جۆرە شوێنکیان لەمەڕ خڕکردنەوەی زبڵەکانیان نییە.
ئەو بەرپرسە وتوویەتی: نەبوونی ئیمکاناتی پێویست و ئوسوولی لەمەڕ کۆکردنەوەی زبڵی گوندەکانی پارێزگای سنە بارودۆخێکی نالەباری ژینگەیی بۆ ئەو گوندانە دروست کردووە نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ خڕکردنەوەی زبڵ و خاشاکەکان، بووەتە هەڕەشەیەک بۆسەر ژینگەی ئەو پارێزگایە.
ئەو زبڵ و خاشاکانە کە لە سروشتدا رژێنراون، هەڕەشەیەکی جیددی بۆ تەندروستیی گوندنشینان و بگرە ئاژەڵ و مەزراکانی گوندنشینان دروست دەکات.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا، زبڵ و خاشاکەکان نوقم دەکرێن، یان دەسووتێنرێن و هەندێ جاریش دەیانڕێژنە نێو سروشتەوە، کە ئەوەش مەترسیی زۆرەی لە باری خوران و سوانی خاکە و پیسیی ژینگەوە بە دواوە دەبێت.
ئەمڕۆ زبڵ و خاشاک وەکوو سەرچاوەیەکی داهات کەبە زێڕی پیس ناسراوە، زەینی کارناسانی ئابووریی بۆ هەمدیس بەرهەمهێنانەوە، سەرقاڵ کردووە و وەکوو مادەیەکی خاو و سەرەکی چاوی لێ دەکەن.