کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆمی شڵەژاو

19:21 - 15 خاکەلێوه 2721

کەریم پەرویزی

ئێوارەکەی گەنج و لاوانی گوند، داریان کۆ کردبوویەوە و دەیانهەویست ئاگری نەورۆز، ئەو ئاگرە پڕهێما و ڕەمزەی نەتەوەیی کورد هەڵ بکەن، کەچی لەناکاو قەڵافەتی بەهەیبەتی پێشمەرگەیەک دەرکەوت، گڕەکەی لێ وەرگرتن و ئاگرەکەی بۆ هەڵکردن! لەو ساتەدا نەک خەڵکەکە، بەڵکوو هەموو سروشتی دەوروبەریش بە سەرسووڕمانەوە چاوی لەم ئاگرە دەکرد! ئاگری نەورۆزێک پێشمەرگە هەڵی بکا بۆ نیشتمان، بڵێی پەیامی چی پێ بێ؟

لەو کاتەدا سەدان کیلۆمەتر ئەولاتر، لە کونجێکی دیکەی نیشتماندا، شار خەریک بوو دەمەوئێوارە ئیدی وردە وردە بڕواتەوە ماڵەوە، کەچی دەستەیەک لە خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی نیشتمان، واتە پێشمەرگەکانی کوردستان هاتنە نێو شەقام و بە دەنگی بەرز و بە ئاڵای شەکاوەوە هاواریان کرد کە پەیامێکیان بۆ ئەم نەورۆزە پێیە.

دوای ساڵێکی پڕ نەهامەتیی کە داگیرکەر زۆرتر هەوڵی دەدا کە چارەڕەشییەکان زیاد بکا، پێشمەرگە بە ئاڵای شەکاوە و بە مەشخەڵانی نەورۆزەوە چوونە نێو خەڵک و پەیامێکی سانایان پێ بوو: لە دەروونی نیشتمان و نەتەوەکەمانداین و بەجێتان ناهێڵین!

دوو ‌حەوتوو دواتر، لە شاخێکی بەرزی کوردستان، ئاڵایەکی پڕشکۆ قامەتی شاخی داپۆشی و تێکۆشەرانی گەل بەدیار ئاڵا شەکاوەکەیانەوە پەیامی پێشمەرگەکانیان دووپات کردەوە.

ئەم ڕووداوانە هەرچەند زۆر سادە و ساکار دێنە بەرچاو و ڕەنگە وابنوێنن کە حەماسەیەکی گەورە نەخولقێندراوە، بەڵام ڕاستیی ژینگە سیاسی و فیکرییەکە جۆرێکی دیکەیە.

کۆمەڵگای کوردستان وشیارە و نەخەوتووە تاکوو بەو حەرکەتانەی پێشمەرگانە ڕاچڵەکێ و وەخەبەر بێ، بەڵکوو شتێکی دیکە تووشی شڵەژان بووە و هەرچەند هەوڵ دەدا کە خۆی نیشان نەدا، بەڵکوو شڵەژانەکانی زیاتر دەبێ و گۆمەکەی لێ دەشڵەقێ.

داگیرکەر هەوڵی زۆری داوە کە بڵێ ڕاسان تەنیا چەند کردەوەیەکی کورتخایەنی نیزامییە و بە هێرشی نیزامی و مووشەکباران و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتووی ڕووسی و چینی، سەرکوتی دەکا، بەڵام پەیامی نەورۆزی ئەمساڵی پێشمەرگانە، تەواوی درۆ و داستانە وەهمییەکانی لێ بەتاڵ کردەوە و دوژمنی داگیرکەر، ئەوەی چاوی بە وشیاریی و مافویستیی نەتەوەی کورد و ئەویندارانی ئاڵای بەرزی نیشتمان هەڵ نایە، تووشی ڕاچڵەکان کردەوە کە ڕاسان و خەباتی کورد، شتێکی ئەودیو سنوورەکان و تەنیا چەند کردەوەیەکی نیزامیی کورتخایەن نییە، بەڵکوو هەقیقەتەکە ئەوەیە کە:

ڕاسان خۆشەویستییە بۆ نیشتمان و ئیرادەیە بۆ بەردەوامی.

هەروک ڕێبەری بلیمەت گوتی، لە مێژوودا تۆمار نەکراوە کە نەتەوەیەک ئامادەی دانی نرخی ئازادی بووبێ و دوژمنان توانیبێتیان بیسڕنەوە. هەر بۆیە حوزووری پێشمەرگە بە ئاڵای سەرشانەوە لە نێو خەڵک و نەخشاندنی شاخەکانی کوردستان بە ئاڵای بەرزی نیشتمان و ڕەنگە دەیان کرداری دیکەی داهێنەرانەشی بەدوادا بێ، ئەو تەوژمە قورسەیە کە گۆمی خەیاڵی کۆلۆنیالیستەکان دەشڵەژێنێ و خەونەکانی لێ دەڕزێنێ.