کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیراوانی خۆپیشاندانەکانی مەریوان ئەشکەنجە کراون

17:34 - 29 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: نوێترین زانیارییەکان لە مەریوانەوە باس لەوە دەکەن کە گیراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە نزیک بە ٦٠٠ کەسە و لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە ئەشکەنجە کراون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە مەریوان ڕایگەیاند، ژمارەی گیراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە لەلایەن ڕێژیمەوە گەیشتووەتە ٦٠٠ کەس  کە ٢٥ کەسیان خەڵکی شارەدێی "نێـ"ـن.

بەشێک لەو کەسانەی کە گیراون پاش ئازادبوونیان باسیان لەوە کردووە کە ئەوان لە کاتی دەسبەسەرکراندا نەگوازراونەتەوە بۆ زیندان و لە شوێنێکی ئاوەڵادا ڕاگیراون.

هەروەها باسیان لەوە کردووە کە لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە ئەشکەنجە کراون، بە شێوەیەک کە پاش ڕاگرتنیان بە ڕووتی لە شوێنێکی سەرئاوەڵادا ئاوی ساردیان بەسەردا کردوون .

شایەتحاڵان باسیان لەوەش کردووە کە لە شوێنی ڕاگیرانیاندا چاویان بە هێزی حەشدی شەعبیش کەوتووە.

هەروەها گاردێکی تایبەتی ڕێژیمیش لە سەقز و بۆکانەوە بۆ شاری مەریوان گەڕێندراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دووکانداران و بازاڕییانی مەریوان لەهەمبەر کوژران و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارە مانیان گرتووە.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و لیباس شەخسییەکان لە شوێنە گشتییەکان و ئاستی شاردا بڵاوەیان پێکراوە و دۆخێکی نیزامی باڵی بەسەر مەریواندا کێشاوە.