کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھەیئەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارلمانتارێکی دانمارک دیداریان پێک هێنا

17:04 - 10 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە  ٩ی سەرماوەز بەرابەر لەگەڵ ٣٠ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی، ھەیئەتێکی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ پارلمانتارێکی ئەو وڵاتە دانیشتنی پێک هینا.

ھەیئەتی حیزبی دێموکرات پێکھاتوو لە "ھەژار دەشتی" و "دانا ئەلیاسی" بوون کە لەگەڵ "لارس ئاسڵان ڕاسمووسن" پارلمانتاری سەر بە پارتی سۆسیال دێموکراتی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە کۆ بوونەوە.

لەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر کوردستانی ڕۆژھەڵات و باس لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە کێشە ھەنووکەییەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران کرا کە لە دژی ڕێژێمی ئاخوندی خەبات دەکەن.

لەو پەیوەندییەدا ئامارێکی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مروڤ لە ئێران و کوردستانی ڕۆژھەڵات کە لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا وەرگیرابوو، باسی لێوە کرا.

لەو دیدارەدا ھێرشەکانی ئەو دواییانەی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، ھەڕەشەکانی سەرانی ڕێژیم لە خەباتگێڕانی ڕۆژھەڵات، چالاکییە تێکدەرییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە، کێشەی پەنابەرانی کورد، کێشەی بێ ئاوی، کوژرانی کۆڵبەران و ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژھەڵات باس و ئاڵوگۆڕی بۆچوونی لەسەر کرا.

ھەیئەتی حیزبی دێموکرات جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتی دانمارک وەک ئەندامێکی یەکیەتیی ئورووپا دەبێ ڕۆڵێکی چالاکتر لە گوشار خستنە سەر ڕژێمی ئێران بگێڕێت کە پێشێلکەری مافی مرۆڤە و ھیچ بەھایێکیان بۆ دانانێت.

لە کۆتاییدا ئاڵایەکی کوردستان و دانمارک وەک دیاری پێشکەش بە ناوبراو کرا.