کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھەیئەتی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموکرات کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندام پارلمانێکی یەکیەتیی ئورووپا لە دانمارک بەڕێوە برد

13:19 - 10 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردان ھەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک پێکھاتوو لە: "ھەژار دەشتی" بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک، "دانا ئەلیاسی" ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و "جەمشید خوسرەوی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ "نیکۆلای ڤیلوومسن" ئەندام پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا سەر بە پارتی لیستی ھاوپەیمانی پێک ھێنا.

لەو کۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر سیاسەتی حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ئێران و بە دێموکراسیکردنی ئەو وڵاتە کە لە قازانجی گەلانی ئێران و دونیای دەرەوەدایە.

ھەروەھا باس لە دانوستانەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ڕێژیمی ئێران کرا و داوای ئەوە کرا کە نابێ یەکیەتیی ئورووپا لە دانوستانەکاندا گەلانی ئێران و خەباتە ڕەواکەیان بۆ ئازادی پشتگوێ بخات و بیکات بە قوربانی.

لە کۆتاییدا باس لە چۆنیەتیی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەر دوو لایەنی حیزب و میکانیزمێکی کاری باسی لەسەر کرا کە دەتوانێت کاریگەریی باشتری ھەبێت بۆ تیشک خستنە سەر باسە پەیوەندیدارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پێشێلکارییەکانی ڕێژێمی تاران دەرھەق بە گەلی کورد.

"نیکۆلای" بۆ ئەم کۆبوونەوەیە سپاسی ھەیئەتی حیزبی کرد و ھیوای خواست کە بتوانێت ببێت بە دەنگێکی پتەوی گەلی کورد لە پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا.