کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆسلۆ و بێرلین پشتیوانی لە کوردستان دەکەن

16:41 - 21 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە دوو وڵاتی نۆروێژ و ئاڵمان، دژی هێرشی تورکیە بۆ سەر خاکی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

- ئاڵمان

بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیه بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی هەموو جیهانی گرتەوە و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شکڵی جۆراوجۆردا بەڕێوە دەچن.

 لە وڵاتی ئاڵمانیش کە زۆرترین ڕێژەی پەنابەرانی کوردی هەر چوار بەشی کوردستانی لێ نیشتەجێیە، خۆپیشاندانی جەماوەریی بەربڵاو لە شارەکانی ئەو وڵاتەدا بەڕێوە دەچن.

خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان کە بە مەبەستی پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا و وەستانی هێرشی دەوڵەتی تورکیه ئەنجام دەدرێن، لە لایەن کۆمەڵە کوردییەکان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات ڕێکخراون.

لە زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانەدا کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەڕێوەبردنیان ڕۆڵی چالاک دەگێڕن و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبیش چالاکانە بەشداری دەکەن.

خۆپیشاندانەکانی وڵاتی ئاڵمان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۸ی ڕەزبەر و لە شارەکانی "دوسلدۆرف، هامبۆرگ، بێرلین، کۆڵن، فڕانکفۆرت و شتووتگارت" و چەند شارێکی تر دەستی پێکردووە و هەروا بەردەوامە.

خۆپیشاندانی شاری هامبۆرگ، ڕێکەوتی ۱۹ی ڕەزبەر، لەبەردەم باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە لایەن پلاتفۆڕمی کوردییەوە بەڕێوەچوو و بە هەزاران کەس بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بەشدارییان کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا، "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ئورووپا، لە وتارێکیدا ئاوڕی لە سیاسەتی داگیرکاری و قڕکردنی گەلی کورد لە لایەن حکوومەتەکانی زاڵ بە سەر کوردستاندا دایەوە.

"نەقشبەندی" فتوای جیهادی خومەینی دژی کورد، ئەنفال و کیمابارانی هەڵەبجە و هێرشی حکوومەتی تورکیەی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا بە نموونە هێنایەوە و لە درێژەی قسەکانیدا پشتیوانیی حیزبی دێموکرات و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا دووپات کردەوە.

ناوبراو وێڕای داوای پاراستنی یەکڕیزیی گەلی کورد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت حکوومەتی ئامریکا کرد کە هێرشەکانی تورکیە بووەستێنن.

- نۆروێژ

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، کاتژمێر ١٢:٠٠، لەسەر داوای کۆمیتەی پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا، خۆپیشاندانێکی بەرین لە لایەن ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدار بوون، هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحکووم کرا.

لەم خۆپیشاندانەدا کە لە وێستگەی شەمەندەفەری ئۆسلۆ بەرەو وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ دەستی پێکرد، وێڕای خوێندنەوەی سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"، چەند پەیام بە زمانەکانی نۆروێژی و کوردی پێشکەش کران.

هاوکات بە وتنەوەی چەندین دروشم، دەنگی مافویستی و ئاشتیخوازیی گەلی کورد گەیەندرایە کاربەدەستان و بیروڕای گشتیی وڵاتی نۆروێژ.