کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک کۆنفڕانسێکی پێک هێنا

11:36 - 23 رەشەمه 2721

کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "دانمارک" کۆنفڕانسێکی گشتی لە ژێرناوی "پێشمەرگەی کوردستان" و بە یادی نەمر "زاهیر بەدری" ناسراو بە "بەبری کوێستان" بۆ ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە پێک هێنا.

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بەشداریی کۆمەڵێک زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هەر یەک لە "ئەلبورز ڕۆئین‌تەن" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، "كاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێكخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات و "مەحموود دەشتی"، نوێنەری دەزگای هەڵبژاردن كۆنفڕانسی كۆمیتەی دانمارک لە شاری "ئاڵبۆرگـ"ـی وڵاتی "دانمارک" بەڕێوە چوو.

سەرەتای كۆنفڕانسەكە "سەعید سوڵتانپوور" بەرپرسی گشتیی كۆمیتەی دانمارک بەخێرھاتنی ئەندامان و بەرپرسانی حیزبی كرد و دواتر ڕیزبەندی بەرنامەكانی كۆنفڕانس لەلایەن "دڵنیا پیری" خوێندرایەوە.

كۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد.

كۆنفڕانسەکە لەلایەن "سلێمان كەڵەشی" دەستی پێکرد. ناوبراو لە قسەكانی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە خەباتی نەتەوەیی گەلی كورد و حیزبی دێموكرات جەختی لەسەر بەرە پێشبردنی كاروباری حیزبی لە دەرەوەی وڵات كرد و یەکدەنگی و یەكگرتوویی بە خاڵی سەركەوتنی حیزب و كورد زانی.

پاشان بە نوێنەرایەتی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموكرات پەیامێک لەلایەن "ڕۆستەم جەھانگیری" بەرپرسی دەزگای چاودێریی حیزب پێشكەش كرا.

"ڕۆستەم جەھانگیری" لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای جیھان بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی كرد و ئاماژەی بە شەڕی زلھێزەكان و بەرژەوەندی كورد لەنێو ئەو جەمسەرانەدا كرد و لەسەر پرسی ناوکیی رێژیمی ئێران و دانیشتنەکانی ڤییەن بە وردی زانیاری دا.

دواتر "كاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێكخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوە باسێكی لەسەر ھەڵبژاردن و گرینگیی كۆمیتەكان لە دەرەوەی وڵات و ئەرک و بەرپرسایەتی ئەندامانی حیزب پێشکەش کرد.

پاشان ڕاپۆرتی كار و چالاكییەكانی كۆمیتەی حیزب لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن "سەعید سوڵتانپوور" بەرپرسی گشتی کۆمیتەی حیزب پێشكەش كرا.

لە بەشێكی دیكەی كاری كۆنفڕانسدا ئەندامانی حیزب ڕەخنە، پێشنیار و تێبینییەكانی خۆیان لەسەر كار و چالاکی كۆمیتەی حیزب لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا خستە بەرباس.

لە بڕگەی كۆتایی كاری كۆنفڕانسدا لەژێر چاوەدێری دەزگای ھەڵبژاردن و بەرپرسایەتی ئەو دەزگایە لە كۆی ١١ بەربژێری كۆمیتە، لە كەشێكی دێموكراتیک پاش دەنگدانی ئەندامانی حیزب، ٧ كەس لە ھاوڕێیانی حیزبی لە یەكەم دەوری كۆنفرانسدا دەنگی پێویستیان ھێناوە كە بریتی بوون لە: "جەمشید خوسرەوی، دوكتور سەعید سوڵتانپوور، مێھرداد خوسرەوی، فاخر مەولوودی، سەربەست ئورمیە، سەلام سەدیقی و مەجید جنیكانلوو"

 لە کۆتاییدا بە دەنگی ئەندامانی كۆمیتەی تازەهەڵبژێردراو لەژێر چاوەدێری نوێنەری دەزگای ھەڵبژاردن و "كاوە عەبداڵی" ، "جەمشید خوسرەوی" وەک بەرپرسی تازەی كۆمیتە دیاری کرا.