کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئید سەردانی پێشمەرگەی دێرین مەنسوور پیرۆتی كرد

11:25 - 27 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، شاندێک بە نوێنەرایەتی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە وڵاتی سوئید، سەردانی پێشمەرگەی دێرین، مەنسوور "پیرۆتیـ"یان کرد.

بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی كەمئەندامانی حیزبی دێموكرات و هەروەها لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پیشمەرگەی كوردستان، ڕۆژی یەكشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، شاندێک بە نوێنەرایەتی كۆمیتەی گشتیی حیزب، لە وڵاتی سوئید، سەردانی پێشمەرگەی كەمئەندام و تێكۆشەری دێرینی حیزبەكەمان، "مەنسوور پیرۆتی"، دانیشتووی شاری ستۆكهۆڵمیان كرد و لە نزیكەوە هەواڵپرسیان کرد و ئارەزووی لەشساغی و زوو چاکبوونەوەیان بۆ خواست، كە بەداخەوە ماوەیەكە لەگەڵ نەخۆشییەكی دژوار بەربەرەكانی دەكات.

كۆمیتەی گشتیی حیزب، لەو سەردانەدا بە نیشانەی ڕێزگرتن و بەرزنرخاندنی خەبات و قوربانیدان، تابڵۆیەكی ئەمەگناسی و وەفاداریان پێشكەش بە كاک مەنسوور كرد.

كاک مەنسوور پیرۆتی، ١٣٤٦ی هەتاوی لە میرەدێ سەر بەشاری سەقز لە دایک بوو، لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە لە دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەبێت و لە هێزی شەهید "عەزیز یووسفیـ''ـدا بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەپۆشێت.

 كاک مەنسوور، وەک پێشمەرگەیەكی ئازا و بەبیروباوەڕ لە چەندین داستان و حەماسەی خۆڕاگری و بەرگریدا قارەمانانە بەرگری لە خاک و خەڵكی نیشتمانەكەی دەكات و چەند جاریش بریندار دەبێت. بەداخەوە دوایین جار لەساڵی ١٣٦٣ی هەتاویدا، بەسەختی بریندار دەبێت كە بە هۆی كاریگەری برینەكەیەوە توانای جووڵەی لاقەكانی بۆ هەمیشە لە دەست دەدات و دواتر لەسەر بڕیاری حیزب بۆ چارەسەری و پێڕاگەیشتنی باشتر دەنێردرێتە وڵاتی سوئید، كە هەتا ئێستاش هەر ئەندام و پێشمەرگەی دڵسۆز و وەفاداری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە.

حیزبی دێموكرات بە پەرۆشەوە نیگەرانی دۆخی تەندروستیی ناوبراوە و هیوای باشتربوون بۆ كاک مەنسوور دەخوازێت.