کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆنفڕانسی ژنێڤ ٣ بەرەو هەڵدێری شكست دەڕوا

21:28 - 15 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: سەرۆكی شاندی ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند كە، تیمی دژبەری حكوومەتی سووریە، ژنێڤ بەجێ دەهێڵێ و ناگەڕێتەوە سەر مێزی دانووستان، تا ئەوكاتی كە داخوازە مرۆییەكانیان جێبەجێ نەبن.

ڕیاز حجابی سەرۆكی شاندی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سووریە، دوای ئەوە كە دانووستانەكان دوا خران، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی‏دا ڕایگەیاند كە؛ كەسێك كە بەدوای ڕێگە چارەی سیاسی‏دا بگەڕێت، ئیتر ڕێگەی كوشت و كوشتار ناگرێتە بەر.

حجاب سەرەڕای ئەوەی، كە ڕێز و پێزانینی خۆی لە بەرانبەر هەوڵەكانی نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دی میستۆرا و وڵاتانی جیهان نیشان دا، ڕایگەیاند كە، وڵاتانی دۆست هەموو هەوڵێكی خۆیان بۆ لابردنی گەمارۆكان و كۆتایی هێنان بە كۆشتاری خەڵكی بێ‏تاوان و سڤیل دا و هەر ئەمەش دەبێ ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی جیهانی، گوشاری زۆرتر بخاتە سەر بەشار ئەسەد.

ڕیاز حجاب هەروەها خستیە بەرباس كە؛ بەشار ئەسەد ڕەوایی خۆی لەدەست داوە و بڕیاری درێژەدانی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەس، لە دەستی بەشار ئەسەددا نەماوە، بەڵكوو بەدەست تاران و مۆسكۆ وەیە.

سەرۆكی شاندی ئۆپۆزسیۆن، سەرەڕای ئەوەی كە هۆکاری شكستی ژنێڤ٣ی خستە ئەستۆی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانانی، ڕایگەیاند كە؛ تاران و مۆسكۆ خوێندنگا و نەخۆشخانەكان بۆمباران دەكەن و هەروەها هاوكات لەگەڵ دەستپێکی كۆنفڕانسی ژنێڤ ٣، لە یەك ڕۆژدا ٢١٥ هێرشی ئاسمانییان كردۆتە سەر دژبەرانی سووریە لە حەلەب و دەوروبەری.