کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی مەی لە وڵاتی دانمارکدا بەرز ڕاگیرا

18:35 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژی جیھانیی كرێكار لە لایەن حیزبی دێموكرات و پارتی سۆسیالیستەوە لە شاری کۆپێنهاگی پایتەختی دانمارک بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی مەیی ٢٠١٩، بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی كوردستان-باكوور، لە شاری كۆپێنھاگدا یادی ١ی مەی، ڕۆژی جیھانیی كرێكار، بەرز ڕاگیرا.

ئەم ساڵ ھەر دوو حیزب، بە دانانی خەیمەیەک لە نێوەڕاستی پایتەختی دانمارکدا، لەسەر كورد و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی كورد زانیارییان بە ئەحزاب، كەسایەتی و میدیای دانمارک و میدیا بیانییەکان دا.

ھەروەھا لەسەر ڕەوشی ژیانی كۆڵبەرانی كورد و كوشتنی سیستماتیكی ئەو كۆڵبەرانە لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و سپای تێرۆریستی ئەو وڵاتەوە، زانیاری پێشكەش بە خەڵكی دانمارک و میدیاكانی بەشداربوو کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەک لە كەسایەتییە سیاسییەكان، میدیاكاران، پارلەمانتاران و خەڵكی سڤیل، سەردانی ژووری دوو حیزبی دێموکرات و سۆسیالیستیان كرد.

 لەو پێوەندییەدا، داوای زانیاریی زیاتریان لەسەر خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو قۆناغەدا كرد، كە لە لایەن "حاتەم جەھانگیری"، بەرپرسی كۆمیتەی شێلەند، بە وردی زانیاری لەسەر ڕاسانی ڕۆژھەڵات و ھۆكارەكانی دەسپێكردنەوەی خەباتی شاخ و گرێدانی خەباتی شار و شاخ پێشکەش كرا.

ھەروەھا جەھانگیری داوای لە چەند كەسایەتیی سیاسیی دانماركی كرد كە سپای تێرۆریستی پاسداران لە نێو لیستی ڕەشی وڵاتی دانماركدا جێ بگرێت.

بەرپرسی كۆمیتەی كۆپێنھاگ ھەروەھا لەسەر كوژرانی كۆڵبەرانی كورد بە دەست سپای تێرۆریستی پاسداران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا باسێكی ئاماریی پێشکەش بە چەند ڕۆژنامەنووس و سەندیكای كرێكاری کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا كە ھەر ساڵ بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسییەكانی دانمارک، كورد و ئێرانی لە شاری كۆپێنھاگدا بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی بەرچاو لە پارلمانتار و سیاسەتمەدارەكانی بیانی بەشدار دەبن.