کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی دوکتور قاسملوو لە کانادا بەرز ڕاگیرا

12:40 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ یادی شەھیدانی ڤییەن، بە بەشداریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کورد و ئێرانییەکان لە کتێبخانەی ناوەندیی شاری "تۆرێنتۆ" لە ڕۆژهەڵاتی کانادادا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٨، ڕێوڕەسمێکی پێکهاتوو لە دوو بەش بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڤییەن بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە لایەن دوکتور "ڕۆژان ئاشتاب"، بەرپرسی کۆمیتەوە خۆێندرایەوە؛ ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژە بە خەساری ئەم کارەساتە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانەوە، ئاماژەی بە ڕۆڵی سیاسیی شەھید دوکتور قاسملوو لە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا کرد.

دواتر کەسایەتیی ئاکادێمیک و سیاسی، دوکتور "ڕەزا مۆریدی"، پەیامیکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، دوکتور "ڕەحیم سورخی"، مامۆستای زانکۆ، لەسەر شیکردنەوی گوتاری سیاسیی شەھید دوکتور قاسملوو و  "ھاوڕێ حەدادی"، نووسەری کتێبی دۆزینەوەی کوردستان، سەبارەت بە ھەڵوێست و سیاسەتی شەھید قاسملوو لەسەر لاوانی کوردستان، وتارێکیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد .

دواتر پەیامگەلێک لە لایەن حیزبە سیاسییەکانەوە پێشکەش کران کە بریتی بوون لە: پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمتکێشانی کوردستانی ئێران لە لایەن "شەھاب ڕەشیدی"، پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایەن "حاجی جەماڵ" و پەیامی بەرەی میللیی ئەلئەحواز لە لایەن "سەلاح ئەبوو شەریف".

 لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، چەند شێعر، هەڵبەست و سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕی لە لایەن ئامادەبووانەوە پێشکەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی ئامادەبووان کۆتایی پێهات.