کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژئاوای کانەدا، بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی ڤانکۆڤەر، بەڕێوەچوو.
ئەم ڕێوڕەسمە کە ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی خەرمانان بەڕێوەچوو، بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان "دیاکۆ خەیات"، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ڕۆژئاوای کانەدا، بە پێشکەشکردنی پەیامی کۆمیتە، وێڕای ئاماژەدان بە تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕانەکانی دوکتور "سەعید" و ڕۆڵی مێژوویی ئەو ڕێبەرە مەزنە لە قۆناغە هەرەسەختەکانی خەبات و جووڵانەوەدا، هزر و کرداری دوکتور شەرەفکەندیی وەک سەرچاوەی ئیلهام بۆ ڕێبوارانی ڕاستەقینەی شەهیدانی ڤییەن و میکۆنۆس لە جووڵانەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتدا، گرینگ و دیاریکەر نرخاند.
دواتر، پەیامی ماڵی کورد لە لایەن "حەمە ڕانییە" پێشکەش کرا کە تێیدا ئاماژە بە جینایەتەکانی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و بەتایبەت ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد و تێکۆشەرانی، کرابوو.
دواتر، سێمینارێک بە شێوەی پانێل لە لایەن "سۆهراب کەریمی" و "ئیسماعیل ئیبراهیمی" بەڕێوەچوو.
"سۆهراب کەریمی" لە بابەتەکەیدا چەند لایەنی گرینگی هزری و کرداریی دوکتور سەعیدی شیکردەوە و جەختی لەسەر بیرتیژی و ڕوانگەی شۆڕشگێڕانەی ئەو ڕێبەرە گەورەیەی کورد کردەوە.
پاشان "ئیسماعیل ئیبراهیمی" لە وتارێکدا وێڕای ئاماژە بە هەوڵی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ بنیاتنانی شێوازی ڕێبەڕایەتیی بەکۆمەڵ لەنێو حیزبدا، ڕۆڵی دوکتور شەرەفکەندی لە پاراستنی جێگە و پێگەی حیزب لە دوای کۆستی لە دەستدانی دوکتور قاسملوو و دژوارتر بوونی هەلومەرجی خەباتی، گرینگ و یەکلاکەرەوە نرخاند.
لە کۆتاییدا "سەعدی عەبدی"، چەند بیرەوەرییەکی لەسەر دوکتور شەرەفکەندی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.