کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە لە پارلمانی سوید بەرز ڕاگیرا

14:35 - 27 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: یادی کارەساتی مرۆیی هەڵەبجە لە پارلمانی سوید لە لایەن ڕێکخراوی نێت‌و ۆرکی سویدی ـ کورد بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕێکخراوی نێت و ۆرکی سویدی ـ کورد لە پارلمانی سوید یادی ٢٨ ساڵەی کارەساتی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە کە لە لایەن ڕێژیمی بەعس و بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن ئەنجام درا، ڕێوڕەسمێک لە پارلەمانی سوید بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا بەرپرسی نێت و ۆرک ئانا لێنا سوێرنسوون (Anna Lena Sörenson) و جێگرەکەی فرێدریک ماڵم (Fredrik Malm) و ١٢ پارلمانتار کە نوێنەری حیزبە سویدییەکان بوون بەشدار بوون.

هەروەها، نوێنەری زۆربەی حیزبە کورد و کوردستانیەکان و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانیەکان و باڵوێزی عێراق لە وڵاتی سوید و هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندیەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید لەو ڕێوڕەرسمەدا بەشدار بوون.

سەرەتا لە لایەن فرێدریک ماڵم بە کورتی لە سەر شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە و کێشەی چەکی شیمیایی کە لەم دوایانەدا لە لایەن داعش و تەنانەت لە لایەن حکوومەتی سووریە بەکار هێنراون و کێشەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پرسی کورد بە گشتی هێنایە بەر باس و قسە کردن.

پاشان خاتوو ئانا لێنا بە نۆرەی خۆی باسی نێت وۆرکی سویدی ـ کوردی کرد و سپاسی فیدراسیۆن و حیزبە کوردییەکانی کوردی کرد کە یارمەتی دەر و پشتیوانیانن کە لە ڕۆژێکی وەهادا بەدەم داواکاریەکانیانە و دەچن و یادی هەڵەبجە دەکەنەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی وتاریان پێشکەش کرد کە بریتین لە:
ـ وتاری فێدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانیەکان لە سوید ـ سووسەن گوێڤەند
ـ وتاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ـ شۆڕش قادر
ـ وتاری باڵوێزی عێراق ـ بەکر فەتاح
ـ وتاری حیزب و هێزە سیاسیەکانی کورد و کوردستانی ـ سەمیر ئەمین

لە کۆتاییدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان شۆڕش قادر دیپلۆمێکی ڕێزلێنانی پێشکەش بە بەرپرس و جێگری ڕێکخراوی نێت وۆرکی سویدی ـ کورد خاتوو ئانا لێنا و فرێدریک ماڵم کرد و سپاسی ئەو زەحمەتانەی کە بۆ کوردی بە هاوکاری لەگەڵ فێدراسیۆن و هێزە سیاسیەکانی کورد و کوردستانی لە وڵاتی سوید دەکێشن، بەرز نرخاند.