کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدان دوکتور سەعید چرۆکایا و ڕەسووڵ محەممەدزادە بەرز ڕاگیرا

09:53 - 8 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بە مەبەستی ڕێزگرتن و لە خەبات و گیانفیدایی شەهیدان دوکتور سەعید چرۆکایا و ڕەسووڵ محەممەدزادە دوو پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی لەشاری دویسبورگی وڵاتی ئاڵمان کۆڕیادێک بۆ وەبیرهێنانەوەی گیانفیدایی شەهیدان ڕەسووڵ محەممەدزادە و دوکتور سڵیمان چرۆکایا ناسراو بە دوکتور سعید، لە لایەن بنەماڵەی شەهید ناوبراوەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتینی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی بنەماڵەی چرۆکایا لە لایەن "سەلیم چرۆکایا" برای شەهید دوکتور سەعید چرۆکایا خوێندرایەوە.

لەم کوڕیادەدا هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەشداری کرد و پەیامی کۆمیتەی ڕادەستی بەڕێوەبەرانی کۆڕیادەکە کرد.

لە درێژەی بەرنامەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەندین کسایەتی و نوێنەرانی پاڕت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان پەیامیان خوێندەوە و ئاماژەیان بە گیانبازیی شەهیدان کاک ڕەسووڵ و کاک دوکتورسەعید کرد و ڕۆڵی ئەو دوو شەهیدە سەربەرزەی گەلی کوردیان بەرز نرخاند.

دواتر چەند کورتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ژیانی شەهید سولەیمان بڵاوکرایەوە. لە فیلمە دیکۆمێناریانەدا ئاماژە بە ڕۆڵی شەهید ڕەسووڵ محەممەزادە بەرپرسی فێرگەی کومیسیۆنی پەروردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا کە لەپێناو گەلەکەیدا لە باشووری کوردستان گیانی فیدا کرد.

شەهید دوکتور سەعید چرۆکایا هاورێ لەگەڵ تیمێکی شارەزای مین هەڵگرتنەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی ڕزگاریی مووسڵ لە دستی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش چووبوونە بەرەکانی پێشەوە، بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە ڕێکەوتی ٢٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٦ی زایینی هاوڕێ لەگەڵ کاک ڕەسووڵ محەممەدزادە کادری لێوەشاوەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون.