کوردستان میدیا: ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ، لە لایەن ئەندامان، لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی نوێنەری بەشێک لە پارت و لایەنە کوردییەکان لە وڵاتی نۆروێژ یاد کرایەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خاکەلێوە، ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ، لە وڵاتی نۆروێژ، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندام، لایەنگر و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداریی نوێنەری بەشێک لە پارت و لایەنە کوردییەکان بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ''ئەی ڕەقیب''، لە لایەن کۆڕی سروود و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان ''هیوا ئەحمەدی'' ئەندامی لێژنەی ئامادەکاریی بۆ یادی ١٠ی خاکەلێوە، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووانی ئەم یادە، وتەیەکی سەبارەت بە ڕۆژی شەهیدان پێشکەش کرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی نۆروێژ، لە لایەن ''عەباس نامی''، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب پێشکەش کرا، پەیامی کۆمیتە، هەڵگری چەند پرس و بابەتی پێوەندیدار بە مێژووی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، خەبات و بەربەرەکانی بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و هاوکات پێویستی ئاوڕدانەوەی جیدی لە یادی ١٠ی خاکەلێوە بوو.
دوایی ''خۆشکە مریەم ''، ئەندامی لێژنەی ئامادەکاریی بۆ ١٠ی خاکەلێوە، ڕیزبەند و شێوازی بەڕێوەچوونی یادی ١٠ی خاکەلێوەی خستەڕوو کە بە شێوەی پانێل ئامادە کرابوو.
لە پانێلێکدا کۆمەڵێک هاوڕێ و کەسایەتیی تێکۆشەر لە گۆشەنیگای جیاوازەوە تیشکیان خستەسەر چەند پرس و بابەتەوە و ئاماژەیان بە چەندین ڕووداو و بەسەرهات وەکوو: هۆکاری درێژەکێشانی خەبات، بیرەوەریی شەهیدان، گێڕانەوەی وتەی چەند شەهیدێک بەر لە شەهیدبوونیان، کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئاوایی قاڕنێ و پێویستیی یەکیەتی و یەکوتاریی لایەنە کوردییەکان کرد.
لەم ڕێوڕەسمەدا سروودی ئەی شەهیدان لە لایەن کۆڕی سروود بە هاوکاریی بەشی موزیک و هەروەها چەند شێعر و پەخشانێک لە لایەن چەند بەڕێزێکەوە پێشکەش بە کۆڕیادەکە کرا.
بەشێک لە بەرنامەکە تایبەت بە پێشکەشکردنی نامەی ڕێزلێنان لە لایەن کۆمیتەی گشتییەوە بە کۆڕگێڕانی یادی ١٠ی خاکەلێوە کرا.
دواقۆناغی کاری کۆڕیادەکە کۆبەندی باس و بابەتەکان بوو.