کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ئاڵای کوردستان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا

10:58 - 25 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سوئید، بۆ ڕێزگرتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، مەراسمێکی بەشکۆیان بەڕێوه برد.

ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری ئێسکیلستونا، بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی یەکیەتیی کوردانی گشتی لە وڵاتی سوئید، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

ئەو مەراسمە بە بەشداریی مامۆستا "حەسەن شیوەسەڵی"، ئەندامی فەخریی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات و "کاکەبرا ئەلیاسی"، بەرپرسی هەیئەتی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئید و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دانیشتووی شاری ئێسکیلستونا، ئەندامان و دۆستانی حیزب، بنەماڵە کوردەکانی ئەو شارە و دەوروبەری لە شاری ئێسکیلستونای وڵاتی سوئید بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب"، لە لایەن کوڕی هونەری یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت هاوڕێیانی تازە کۆچکردوو " کەریم حەداد و ئەنوەر سوڵتانپەنا " دەستی پێ کرد.

پاشان  لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە " عارف عەزیزی و مەندانە کاکایی"، بە دوو زمانی کوردی و سوئیدی بەخێرهاتنی بەشداربووانیان کرد و بە خوێندنی شێعر و پەخشان بەرنامەکەیان درێژە پێ دا.

لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، داوا لە مامۆستا "حەسەن شیوەسەڵی" کرا، کە پەیامەکەی پێشکەش بکات.

شیوەسەڵی بە وردی باسی لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەروەها گەورەییی پێشمەرگە کرد.

ناوبراو لە  قسەکانیدا، تیشکی خستەسەر ڕۆڵ و ئەوینداریەتیی پێشمەرگە بە خەبات و تێکۆشان بۆ پاراستنی نیشتمان و بوێرییان لە نێو سەنگەری شەرەف و بەرخوداندا.

لە خاڵێکی دیکەی باسەکەیدا وتی: گرنگترین خاڵی بەهێزی پێشمەرگە بیر و باوەڕ و هەستکردنیەتی بە بەرپرسایەتی و ئەو ئەرکەی سەبارەت بە نیشتمان پێ سپێرداوە.

شیوەسەڵی لە کۆتاییی قسەکانیدا، وێڕای ناردنی سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و زیندانییانی سیاسی بەگشتی و خەڵکی نیشتمانپەرەوری کوردستان و هەروەها کۆمیتەی و ئامادەکاری ئەو ڕێوڕەسمە و کۆمیتەی حیزب لە ئێسکلستونا و وڵاتی سوئید کرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لە شاری ئێسکلستونا، لە لایەن "حەبیب بەهرامی"، بەرپرسی کۆمیتەی ئەو شارە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە، ''کاکەبرا ئەلیاسی"، کورتەیەک لە ژیان و خەباتی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی پێشکەش کرد. هاوکات لەسەر داوای ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات لەوحی ڕێزگرتن لە کەمئەندامانی حیزب لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوئید، وێڕای دەستەگوڵی کۆمیتەی سوئید پێشکەش بە ڕێزدار مامۆستا شیوەسەڵی کرا.

ناوبراو لەوحی کەمئەندامان و دەستەگوڵی لەسەر سەری دانا و سپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ناوەندی سیاسیی حیزب، سەبارەت بە لەوحی ڕێزگرتن لە کەمئەندامانی حیزب و دیاریکردنی ١٦ی سەرماوەز، وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دەربڕی.

پاشان پەیامی ناوەندی یەکیەتیی کوردانی گشتیی، لە لایەن "ئازا سەفەریـ"ـیەوە خوێندرایەوە، دواتر پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، لە لایەن "کاوە بەهرامیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا لەسەر داوای "تاهیر مەحموودی"، پارچە پەخشانێک بۆ مامۆستا شیوەسەڵی لە لایەن "ساڵح پاڵانی" خوێندرایەوە.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، کۆمەڵێک شێعری حەماسی بە زمانی کوردی و سوئیدی لە لایەن "عارف عەزیزی و مەندانە کاکایی" خوێندرانەوە.

بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشی هونەری.

سەرەتا "قەمەر خوسرەوی و شاهین خوسرەوی" چەند کوپلە تەمبوور و سیاچەمانەی ڕەسەنی کوردەواریان پێشکەش کرد.

پاشان "شۆڕش بۆکانی" و ژەنیار "حامید ڕەسووڵی" چەندین گۆرانیی شادیان پێشكەش کرد.