کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢۵ی گەلاوێژ لە وڵاتی ئامریکادا بەرز ڕاگیرا

13:01 - 4 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئامریکادا، یادی ٢٥ی گەلاوێژ، ۷٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک، بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، یادی ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە دەڤەری واشنتۆن بەرز ڕاگرت.

سەرەتای ڕێوەڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن "ئەرسەلان ڕامین"، پەیامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە.

لە بەشێک لە پەیامەکەتەدا هاتبوو: ''لە ڕۆژگارێکدا نەمر پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی ئەو هەلەیان قۆستەوە و ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرەیان بۆ نەتەوەکەیان تۆمار کرد کە نازیسم شکستی هێنابوو، ڕێژیمی فاشیسمی پەهلەوی لە باوەشی هیتلێرەوە خۆی ڕادەستی هاوپەیمانان کردبوو و ببوو بە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانان لە قۆناغی دەسپێکی شەڕی سارد لە نێوانی هاوپەیمانان و یەکێتی سۆڤیەت یان ئیتیحادی جەماهیری شەورەوی کە تازە ببون بە دوو جەمسەری شەڕ لە جیهاندا، هاوکات ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، کوردستانیان بە سەر هاوبیرە کۆنەپەرستەکانی خۆیان، وەک دەرەبەگ و چەوسێنەرانی کوردستاندا دابەش کردبوو.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبو کە: "ڕاسان توانی ئەو کەڵێنانەی کە پێشتر بەهۆی گرفتە نێوخۆییەکانی حیزب لەگەڵ چین و توێژە نەتەوەیی و ئازادیخوازانی نێوخۆی خۆرهەڵات، کۆمەڵگای مەدەنی و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران هاتبوونە گۆڕێ، پڕ بکاتەوە و لە هەموو دەرفەت و تواناکان کەڵک وەربگرێت و ئەو پوتانسییەلە بە حیزب ببەخشێت کە ببێت بە هێزی شوێندانەر و ئەمری واقیع و ئامادە بۆ پێکهێنانی هەر ئاڵوگۆڕێک لە خۆرهەڵات".

کۆتایی بەرنامەکە بە شادی و ھەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێھات.